شەش ساڵ بەسەر ئازادکردنی شاری مووسڵ دا تێدەپەڕێت

ئەمڕۆ شەش ساڵ بەسەر ئازادکردنی شاری مووسڵ دا تێدەپەڕێت و بەرپرسێکی پارتیش پێی وایە ئەگەر رۆڵی پێشمەرگە و سەرۆک بارزانی نەبوایە شاری مووسڵ بەو ئاسانییە ڕزگار نەدەکرا، دەشڵێ: ھەموو جیھان شایەتی بۆ قارەمانێتی پێشمەرگە دەدات.
عسمەت ڕەجەب، بەرپرسی پێشووی لقی ١٤ی پارتی لە مووسڵ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: لە سەرەتای سەرھەڵدانی گروپی تیرۆرستی داعش چەندین جار ھۆشداریمان بە سەرکردەکانی عێراقی داوە، دواتریش دوای پەرەسەندنی چەکدارانی داعش سەرکردایەتی پارتی لەسەر ئاستی باڵا بەرپرسانی عێراقی ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام بەداخەوە ئەوان گوێیان بەو ھۆشدارییانەی ئێمە نەدا و ئیدی داعش بە شەو و رۆژێک دەستی بەسەر شاری مووسڵدا گرت و کارەساتی نایەوە.
بەرپرسی پێشووی لقی پارتی لە مووسڵ گوتیشی: بەھۆی پشتگوێخستنی مووسڵ لەلایەن بەغداوە و نەبوونی ھێزێکی تۆکمە، نەیانتوانی خۆیان بەرامبەر بە ھێرشی تیرۆرستانی داعش ڕابگرن، سەرەڕای ھەبوونی ھێزێکی زۆری سوپا و پۆلیس و ئەمنی ٣٠٠ چەکداری داعش توانی شارێکی گەورە و ستراتیژی وەک مووسڵ داگیر بکات.
لەبارەی ئازادکردنی شاری مووسڵەوە، عسمەت ڕەجەب ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ھێزی پێشمەرگە سێ ساڵ بەرەنگاری پێشڕەوییەکانی داعش بووەوە و نەیھێشت سنووری ھەرێمی کوردستان داگیربکات، ھەر بەوەش نەوەستا دەوروبەری مووسڵ ھەمووی لەلایەن ھێزی پێشمەرگە لە تیرۆرستانی داعش پاککرایەە، دواتر بە فەرمانی سەرۆک بارزانی ھێزەکانی عێراق لە ئاقار و سنوورەکانی پێشمەرگەوە توانیویانە بگەنە مووسڵ، واتە رۆڵ و قارەمانێتی پێشمەرگە و سەرۆک بارزانی نەبوایە ڕزگارکردنی شاری مووسڵ لەلایەن ھێزەکانی عێراقەوە شتێکی مەحاڵ بوو، جیھانیش شایەتی بۆ قارەمانێتی پێشمەرگە دەدات.
قائید میرۆ




