ئەمساڵ مۆڵەت بە ٣٠ پڕۆژەی وەبەرھێنان دراوە

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسێکی دەستەی گشتی وەبەرھێنان گوتی، ئەمساڵ مۆڵەت بە ٣٠ پڕۆژەی وەبەرھێنان دراوە و بڕیارە بە پلانێکی تایبەت مۆڵەت بە پڕۆژەکانی کەرتی نیشتەجێبوون بدرێت.
د. ھەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری مۆڵەتدان لە دەستەی وەبەرھێنان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئەمساڵ تا کۆتایی حەفتەی رابردوو دەستەی گشتی وەبەرھێنان مۆڵەتی بە ٣٠ پڕۆژەی وەبەرھێنان داوە لەسەرتاسەری ھەرێمی کوردستان لەو ژمارەیەش ھەشت مۆڵەت بۆ پڕۆژەکانی کەرتی پیشەسازی بووە و ئەوی دیکەش بۆ کەرتەکانی دیکەی وەبەرھێنان".
بەڕێوەبەری گشتی مۆڵەتدان گوتیشی: "سەرمایەی ئەو ٣٠ پڕۆژەیەی ئەمساڵ مۆڵەتیان پێدراوە لەلایەن دەستەی گشتی وەبەرھێنان ٦٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکیە".
لەبارەی پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، د. ھەڤاڵ سدیق ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "ھێشتا دەست بە پێدانی مۆڵەت نەکراوە بە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون ئەوانە لەمەودوا بە پلانێکی تایبەت مۆڵەتیان پێدەدرێت لەلایەن دەستەی گشتی وەبەرھێنان بە ھەماھەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی پەیوەست بە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون".
قائید میرۆ




