٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زیرەک ژێدار: لەسەر داوای من وەک کورد و کوردستان لە فێستیڤاڵێکی بەریتانیا بەشداریمان کرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- گرووپێکی هونەری دیاری کوردستان، بە فەرمیی بانگهێشتی بەریتانیا کرا، ئەوەش بۆ بەشداریکردنیان لە فێستیڤاڵی هەفتەی پەنابەران، کە چەند چالاکییەکی جۆراوجۆری تێدا ئەنجامدرا.

زیرەک ژێدار، دامەزرێنەری ڕێکخراوی هونەری دەهۆڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، کە لە ساڵی ٢٠٠٣وە، بەهۆی رێکخراوەکەیەوە، لە وڵاتی بەریتانیا لە گۆرەپانەکەدا ئامادەبووە و بەشداری زۆربەی چالاکییە کولتووری و فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی کردووە، جەختی کردەوە: بە جلوبەرگی کوردی و ئاڵای کوردستانەوە چالاکییەکانمان ئەنجام دان.

ئەو هونەرمەندە کوردە، باس گوتی: جلوبەرگە کوردییەکە و چالاکییە هونەرییەکان، هەمیشە بوونەتە جێگای باس و سەرنجی گەلانی ئەو وڵاتە و میدیا جیهانییەکان. "من زێتر لە هەوڵی ئەوەم، کە گەلانی دونیا ئاشنابن بە کولتوور، مێژوو و جوگرافیای کوردستان".

دووپاتیشی کردەوە، ڕێکخەرانی ئەم جۆرە چالاکییانە، مەبەستیانە لە ڕێگەی هونەر و ئەدەبەوە ئاشنای کولتوورە جیاوازەکانی دونیا بن، لە هەمانکاتیشدا بەیەکیان بناسێنن.

"ناوبراو، وێڕای چالاکی هونەری بەشداری پانێڵێکی لەسەر مێژوو و بارودۆخی ئێستای کوردستان کردووە"

زیرەک ژێدار، وێڕای ئەوەی بە چالاکی هونەری بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکەدا کردووە، ئەو بەشداری پێنچ چالاکی نمایشی هونەری و بەشداری چەند پانێڵ و سیمینارێکیشی کردووە، کە وەک خۆی ئاماژەی پێدا، هەموویان تایبەت بوون بە مێژووی کوردستان و بارودۆخی ئێستای کوردستان، چەمکی پێکەوەژیان لە کوردستان، کولتووری دەوڵەمەندی کورد لە کۆنەوە تا ئێستا.

گوتیشی: "لە هەمانکاتدا لە زانکۆی ساندوێل سیمینارێکم بۆ قوتابیانی کوردە پەنابەرەکان پێشکەش کرد سەبارەت بە چۆنییەتی دەستنیشانکردنی ئامانجیان لە وڵاتی بەریتانیا و دانەبڕانیان لە فەرهەنگ و مێژووی کوردستان. هەروەها پەروەردە وەک ئامرازێک بەکاربهێنن بۆ ئەوەی لە ڕێگەی زانست و زانیارییەوە، دواڕۆژی خۆیان و گەلەکەیان رۆشن بکەنەوە".

"پەیوەندییە کولتوورییەکان شۆڕدەبنەوە نێو قوڵایی کۆمەڵگاکان"

زیرەک ژێدار پێیوایە، کە هەموو پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکان کاتین و شۆڕنابنەوە نێو قوڵایی کۆمەڵگە، ئەوەی نەوە دوای نەوە دەمێنێتەوە لەنێوان نەتەوەکانی دنیادا پەیوەندییە کولتوورییەکانن.

بەلای ئەو هونەرمەندەوە، هەرچەند پەیوەندییە سیاسی و بازرگانییەکان گرینگ بن، بەڵام نابێت پەیوەندییە فەرهەنگییەکانیش لەیاد بکەین. بۆیە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، گەر کوردستان مەبەستیەتی لۆبییەکی باش لە دەرەوە دروست بکات و پاڵپشتی گەلانی دونیا بە دەستبهێنێت، دەبێت لە ڕێگەی کولتوورەوە ئەم هەنگاوە باوێژێت و لەسەرانسەری دونیادا کار و چالاکی کولتووری ئەنجام بدات.

"وەک کورد و کوردستان بەشدار بوون"

وەک زیرە باسی کرد زۆربەی بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە، لە نەتەوە جیاوازەکان بوون، بە تایبەت ئەوانەی لە وڵاتی بەریتانیا دەژن،  کوردیش یەکێکە لەوان،  "بەڵام لەسەر داوای من کورد وەک کوردستان و بە ئاڵای کوردستانەوە بەشداریمان لە چالاکییەکاندا کرد، ئەوەش وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ و نەتەوەیەکی تەواو جیاواز لەگەڵ نەتەوەکانی دەووروبەری.

زیرەک ژێدار چەند ساڵێ لە بەریتانیا ژیاوە و هەمیشەش بەشداری ئەو فێستیڤاڵەی کردووە، بەڵام چەند ساڵێکە گەڕاوەتەوە کوردستان، ئەوەش بۆشاییەکی بۆ پڕکردنەوەی چالاکییە هونەری و کولتوورییەکانی کوردی لەو فێستیڤاڵەی هەفتانەی پەنابەران دروست کردووە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە زۆرینەی ڕەوەندی کوردی سەرقاڵن بە ئەنجامدانی چالاکی و ئاهەنگی جۆراوجۆر بۆ کۆمەڵگەی کوردستانی لە بەریتانیا، هەوڵی کەم هەیە کە لە بازنەی کۆمەڵگەی کوردستانی بێنە دەرەوە و رووبکەنە گەلانی دیکەی دانیشتووی بەریتانیا.

"ناڵێم هەوڵ نەبووە، بەڵام وەک پێویست نەبووە تا ببنە جێگای سەرنج و تێڕامانی حکوومەت و گەلی بەریتانی.

من لەمێژە باوەڕم وایە  دەبێت کورد و کوردستان بە دونیا بناسێنین، نەک تەنیا بە ڕەوەندی کوردی. ئێمە هەموومان دەزانین کورد و کولتوور و بەسەرهاتی کوردستان چییە! بەڵام ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە بتوانین ئەو پێناسەیە بگوازینەوە بۆ ئەو گەل و وڵاتانەی تا ئێستا ئاشنا نین بە ئێمە، گەر لەلایەک جێگای دڵخۆشی بێت لە کوردستانەوە من بانگهێشتکراوم بۆ ئەنجامدانی چالاکییە کولتوورییەکان، لە هەمانکاتیشدا جێگای داخە، کە زیاتر لە پەنجا هەزار کوردستانی لە شاری بێرمینگهام دەژن، بەڵام نەیانتوانیوە ئەم بۆشاییە پڕبکەنەوە، کە من لەو شارە، یا لەو وڵاتە نەبم".

لە کۆتاییدا زیرەک ژێدار، دووپاتی کردەوە: خۆشبەختانە شارەوانی بێرمینگهام و ڕێکخراوی سلیبەرەیتینگ سانکچێری، کە کار دەکات بۆ هونەرمەندانی پەنابەر لە وڵاتی بەریتانیا، زۆر دڵخۆش و ڕەزامەندبوون بە بەشداری کردنی کورد لە چالاکییەکان، ئەوەش دوای چەندین ساڵ کە کورد بەشدار نەبووە لە فێستیڤاڵ و بۆنە کولتوورییەکاندا.

خێڵان بەختیار
 

هەواڵی پەیوەندیدار