٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران وەزارەتى تەندروستى لەگەڵ کۆمەڵەی کیمیابارانی هەڵه‌بجە کۆدەبێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە-KDP.info- شەوى ڕابردوو نووسینگەى سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانى، پێوەندى بە سەرۆکى کۆمەڵەى قوربانیانى کیمیابارانى هەڵەبجەوە کرد و پێیڕاگەیاندن سەرۆک وەزیران داواکارییەکانتانى بە هەند وەرگرتووە و وەزارەتى تەندروستى ڕاسپاردووە لەگەڵتان کۆببێتەوە.

لوقمان عەبدولقادر سەرۆکى کۆمەڵەى قوربانیانى کیمیابارانى هەڵەبجە، بە ماڵپەڕى فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند:  چەند داواکارییەکمان بە سەرۆکوەزیرانى کوردستان مەسرور بارزانى داوە، نووسینگەى بەڕێزیان پێوەندى پێوە کردین و پێمانى ڕاگەیاند، سەرۆک وەزیران داوا کارییەکانتانى بە هەند وەرگرتووە، داواکانى ئێمەیش خۆى لە چوارچێوەى چارەسەرى بریندارانى بەرکەوتووی چەکى کیمیاوییە، بەڕێزیان وەزارەتى تەندروستى ڕاسپاردووە بۆ چارەکردنى ئەو گرفتە.

لوقمان عەبدولقادر گوتیشى:  داوا لە سەرۆکى حکوومەت دەکەین لەسەر ئاستى نوسینگەکەى خۆى لیژنەیەک دروست بکات، چونکە داواکارى ئێمە تەنها پێوەست نییە بە وەزارەتى تەندروستییەوە، چەند کێشەیەکى تریشمان هەیە لەسەر ئاستى وەزارەتەکانى تر، گرفتەکانیش ڕاگیرانى مووچەى بەشێک لە بەرکەوتوان، ڕەوانە کردنەوەى برینداران بۆ چاندنەوەى گلێنەى چاو، دابینکردنى بودجەیەکى تایبەت بۆى کە لەسەر ئاستى ئەنجوومەنى وەزیران چاودێرى بکرێت، بێدانەوەى سولفەى ڕاگیراو و پێدانەوەى زەوى بە تەواوى کەسوکارى شەهیدان.

عەبدولقادر گوتیشی: " بۆردى منداڵە ونبووەکان لەسەر ئاستى ئەنجوومەنى وەزیران دروستکراوە، پێویستا کارابکرێت، ئەو کەسانەى نامستەحەقن لە لیستى بەرکەوتووان دەربکرێن و ئەوانەشى تۆمار نەکراون تۆمار بکرێن، شایانی ئاماژە پێدانە هەموو قوربانییەکانى هەڵەبجە دڵخۆشن بە پێوەندییە تەلەفۆنییەکەى نوسینگەى سەرۆکى حکوومەت.

گوتیشى: "  مەسرور بارزانى سەرۆک وەزیرانى کوردستان ، دەرگاى لێکردووینەتەوە و دوو بارە و دەبارە داواکارییەکانى خۆمانى ئاڕاستە دەکەین، بەهیواین چۆن دڵى ئێمەى خۆشکردووە، ئاوها کێشەى هەموو بریندارەکانى کوردستان چارەسەر بکات.

 

عەزیز ڕەسووڵ

هەواڵی پەیوەندیدار