"پارتی ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکات"

بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەشی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرایکرد، لەگەڵ ھەنگاوەکانی کۆمسیۆن پارتی ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکات، بە ھەماھەنگی لق و مەکتەبەکانی رێکخستنیش ناوی کاندیدانی پارتی ئامادە دەکرێت، بەڵام سەرۆک بارزانی پەسەندیان دەکات.
نیازی حەمە عەزیز، بەرپرسی راگەیاندنی بەشی ھەڵبژاردنی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند" بەشی ھەڵبژاردنی پارتی بڕیاری داوە ئامادەبێت بۆ گرتنەبەری ڕێکارەکانی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و ھەنگاو بەھەنگاو لەگەڵ کۆمسیۆن .. پارتیش ئامادەکاری بۆ پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکات کە بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵ جگە لە پارێزگاکانی ھەرێم ھەموو پارێزگاکانی عێراق بگرێتەوە.
بەرپرسەکەی بەشی ھەڵبژاردنی پارتی گوتی: لە ھەموو ئەو پارێزگایانەی کوردیان تێدایە پارتی بەشدار دەبێت و کاندیدی دەبێت بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکان، بەڵام تا ئێستا بڕیاری کۆتایی نەدراوە بە تەنیا بەشداری دەبین یان ھاوپەیمانی دەکەین.
لەبارەی کاندیدەکانی پارتیش نیازی حەمە عەزیز ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: بەشی ھەڵبژاردنی حزب هەماھەنگی لەگەڵ لقەکانی حزب و مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگاکان دەکات بۆ دیاری کردنی کاندیدانی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، بەڵام دوا بڕیار لەلایەن سەرۆک بارزانیەوە دەدرێت لەبارەی کاندیدەکان و دوای فەرمانی بەڕێز سەرۆک بارزانی ناوەکان ڕادەستی کۆمسیۆن دەکرێن.
قائید میرۆ




