د. خەلیل غازی: شاندی ھەرێم بۆ وردەکارییەکانی بودجە دەچێتە بەغدا
_(1)__2023_07_03_h19m2s23__HK.jpg)
بڕیارە شاندێکی ھەرێمی کوردستان لە ڕۆژانی داھاتوو سەردانی بەغدا بکات، ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراقیش دەڵێ: سەردانی شاندەکە پەیوەستە بە ناردنی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان.
د. خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند" دوای پەسەندکردنی یاسای بودجە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە ئێستا بودجە پەیوەندی بە پەرلەمانەوە نەماوە و چووەتە بواری جێبەجێکردن، پەرلەمان ئەرکی خۆی جێ بەجێکردووە لە پەسەندکرنی یاسای بودجە، وردەکاری جێبەجێکردنی دەکەوێتە سەر حکوومەت، سەردانی شاندی دارایی ھەرێمی کوردستانیش بۆ وردەکاری جێبەجێکردنی یاسای بودجەیە.
د. خەلیل غازی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ھەردوو حکوومەت لەسەر وردەکاریەکان دانوستان دەکەن تا بزانین پشکی ھەرێمی کوردستان لەنێو بودجەی گشتی عێراق چۆن خەرج دەکرێت، لەوانەش ناردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان و ناردنی پشکی ھەرێم لە چوارچێوەی یاسای بودجەدا پەسەند کراوە، ناردنی پارەکە دەکەوێتە سەر چۆنیەتی ڕێککەوتنی ھەردوولا.
پێشتر پەرلەمانتارێکی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندبوو: بڕیارە لە ڕۆژانی داھاتوو شاندێکی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات بە مەبەستی ناردنی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان.
قائید میرۆ




