٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی پڕۆژەیەک بۆ چارەکردنی کێشەی زەوی و زار ئامادە دەکات

سەرچاوە: KDP.info

پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، پڕۆژەیەک بۆ چارەکردنی کێشەی زەوی لە کەرکوک و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی بەعس ئامادە دەکرێت، دوای پشووی پەرلەمانی عێراق پێشکەشی پەرلەمان دەکرێت.

نەجوا کاکەیی، پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: خۆپیشاندان و گردبوونەوەی جووتیارانی کەرکووک بەردەوامە و جووتیاران دەڵێن: ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر ھەڵوێستی خۆمان تا ئەو کاتەی کێشەکانمان بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارە دەکرێن و ناکرێت ھەموو ساڵێک دووبارە ببێتەوە، ئێمەیش وەک فڕاکسیۆنی پارتی پشتیوانی لە جووتیارانی کەرکووک دەکەین.

پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتیشی: جووتیاران داوا دەکەن ھەر بڕیارێکی سەردەمی رژێمی بەعس کە تایبەتە بە کێشەی زەوی و زار هەڵبوەشێتەوە، چونکە ئەگەر کار وابڕات تا دنیا ھەیە کێشە بۆ جووتیارانی کەرکووک دروست دەکرێت، ھەرچەندە پێشتر سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنی ئەوەی داوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.

نەجوا کاکەیی ڕوونی کردەوە: دوای کۆتایی ھاتنی پشووی  پەرلەمانی عێراق ئێمە پڕۆژەیەک ئامادە دەکەین بۆ ئەوەی ھەموو بڕیارەکانی سەردەمی رژێمی بەعس پەیوەست بە کێشەی زەوی و زار ھەڵبوەشێتەوە و بە دەرچوونی پڕۆژەکە کۆتایی بەو کێشەیە دێت چەندین ساڵە جووتیارانی کەرکووک و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان پێیەوە دەناڵێنن.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار