سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و سكرتێرى ده‌وڵه‌ت له وه‌زاره‌تى ئابووریى ئه‌ڵمانیا، هاریكاریى هاوبه‌ش تاوتوێ ده‌كه‌ن

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 2023/6/26 له به‌رلین له‌گه‌ڵ خاتوو فرانسیسكا برانتنه‌ر، سكرتێرى ده‌وڵه‌ت له وه‌زاره‌تى ئابووریى ئه‌ڵمانیا كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا که به ئامابوونی به‌ڕێز باڵیۆزی عێراق له به‌رلین به‌ڕێوه چوو، هه‌ردوولا باسیان له ئاڵنگارییه‌کانی به‌رده‌م عێراق كرد بە تایبەتی له گۆڕینى كه‌شوهه‌وا و كه‌مبوونه‌وه‌ى ئاو و وشه‌كه‌ساڵى و به‌بیابان بوون كه هه‌موو ئه‌وانه وا ده‌كه‌ن عێراق پێویستییان به پشتیوانى و یارمه‌تى و شاره‌زاییی ده‌ره‌کی هه‌بێت.
هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگیى هه‌بوونى به‌رنامه‌یه‌كى تۆكمه بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌و ئاڵنگارییانه له عێراق و له‌مباره‌یه‌وه جه‌ختیان له پێویستى و گرنگیى یارمه‌تیدانى عێراق كرده‌وه به‌تایبه‌تی له بواری وزه‌ی نوێ و که‌مکردنه‌وه‌ی پشتبه‌ستن به نه‌وت و هاندانی که‌رتی تایبه‌ت و وه‌به‌رهێنانی ئه‌ڵمانی له عێراق و هه‌رێمی کوردستان.




