٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خۆیان دیمەنەکانی گەنمی جووتیارانیان بینی كه‌ کەوتووە و وەرناگیرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، لە ئەنجوومەنی وەزیران لیژنە بۆ چارەسەرکردنی گرفتی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران پێکھاتووە و لەگەڵ لیژنەی بەبازاڕکردنی گەنمیش لە بەغدا کۆبووینەوە و چاوەڕێ دەکەین وەڵاممان بدەنەوە بۆ ئەوەی ھەموو گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەربگرین.

نەوزاد شێخ کامیل، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە کۆبوونەوەی بەردەوام داین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان، پێش دوو ڕۆژ لەگەڵ لیژنەیەکی باڵای بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران كه‌ لە بەغداوه‌ ھاتبوون کۆبووینەوە و ئەوانیش پێشنیازی ئێمەیان بردووە بۆ لیژنەی باڵای وەرگرتنی گەنم لە بەغدا، ئێمە داوامان کردووە بڕی گەنم وەرگرتن زیادبکەن و کاتی وەرگرتنی گەنمیش درێژبکەنەوە، ھەروەھا داوامان کردووە چەند بەرھەممان ھەیە وەکو پارێزگاکانی عێراق وەریبگرن، بۆیە رای لیژنەکە باش بوو، ھاوکات خۆشیان گەنمی جووتیارانیان بینی کە لەسەر شەقام کەوتووە و وەرناگیرێت و خۆیان دیمەنەکەیان بینی و داوا لەبەغدا دەکەن ئەو گەنمەی ھەیە لێیان وەربگرن".

نەوزاد شێخ کامیل گوتیشی: "چاوەڕێ دەکەین وەڵاممان بدەنەوە، چونکە 15 ڕۆژ کاتمان لەبەردەست ماوە و بڕیارە لەگەڵ ھەردوو کۆمپانیای خۆشناو قەیوان پێش جەژن یاخود دوای جەژن لەگەڵیان دانیشین بۆ ئەوەی ئەوانیش بڕێک گەنم لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەربگرن، بەڵام تا دانیشتن نەکرێت نرخ دیار نییە کە بەچەند لە جووتیاران دەکڕدرێت".

ناوبراو گوتیشی: "بەردەوام دەبین و پاڵپشتی جووتیاران دەکەین بۆ ئەوەی بەرھەمی گەنمیان ساغبێتەوە، چونکە لیژنە لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە پێکھاتووە".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار