فازڵ نەبی: نرخی دۆلار لەبازاڕ دانابەزێت تا ئاستی ئەو نرخەی لە بودجەدا جێگیرکراوە

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ئاشکرایکرد، نرخی دۆلار ھیچ پەیوەندییەکی بە یاسای بودجەوە نەماوە و دەڵێ: پێشبینی ناکەم نرخی دۆلار دابەزێت بۆ نرخی جێگیرکراو لەنێو بودجەدا.
فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان ھیچ پەیوەندییەکی بە یاسای بودجەوە نییە، چونکە لەنێو پڕۆژەیاسای بودجەدا نرخی دۆلار بە ١٣٠ ھەزار دینار جێگیرکراوە، واتە یاسای بودجە بچێتە بواری جێ بەجێکردنیش ھیچ کاریگەریەکی لەسەر نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی نابێت.
بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق گوتیشی: بابەتی دۆلار قۆرغکاری تێدا دەکرێت بۆ ئەوەی گەندەڵی تێدا بکرێت نرخی دۆلاری ناگاتە ئەو نرخە فەرمییەی عێراق دیاری کردوە، چونکە پێش پەسەندکردنی بودجەش بانکی ناوەندی رۆژانە دۆلاری زۆری دەخستە بازاڕەوە.
فازڵ نەبی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: بەداخەوە نرخی دۆلار لە بڕی ئەوەی دابەزێت بەرەو ھەڵکشانە، من پێشبینی ناکەم نرخی دۆلار دابەزێت بۆ نرخی جێگیرکراو لە نێو یاسای بودجەدا، چونکە جێبەجێکردنی یاسای بودجە ھیچ لە بابەتی نرخی دۆلار ناگۆڕێت و ھەر بە بەرزی دەمێنێتەوە.
قائید میرۆ




