٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دژوار فایەق: "پێشنیارم کردووە لە بڕی قەرەبووی مادەی ١٤٠ زەوی دابەش بکرێت"

سەرچاوە: KDP.info

نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە لیژنەی باڵای مادەی ١٤٠ پێی وایە پارەی تەرخانکراو بۆ قەرەبووکردنەوەی مادەی ١٤٠ زۆر کەمە و پێشنیارم کردووە بۆ لیژنە، لە بڕی ١٠ ملیۆن دیناری قەرەبوو زەوی دابەش بکرێت و لە ماوەی دوو ساڵدا بابەتی قەرەبووکردنەوە کۆتایی بێت.

دژوار فایەق، نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە لیژنەی باڵای مادەی ١٤٠، بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "دوای کاراکردنەوەی لیژنەی مادەی ١٤٠ لە عێراق چەندین ھەنگاو بە ئاراستەی جێبەجێکردنی ئەو مادەیە نراون،  لەوانەش خەرجکردنی چەکی قەرەبووی مادەی ١٤٠، ڕاسپاردەیەک ئاراستەی حکوومەتی عێراق کراوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە ٢٩ی تایبەت بە ھەموارکردنەوەی بڕیارەکانی بەناو لیژنەی کاروباری باکوور، ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری داگیرکردنی زەوی کورد، لیژنەیەکیش بۆ ئەو مەبەستە پێک ھاتووە.

نوێنەری ھەرێم گوتیشی: ئێمە تێبینی ئەوەمان کرد ئەو پارەیەی پێشتر دیاری کرابوو کە ١٠٠ ملیار دینار پێشنیار کرابوو بۆ قەرەبووکردنەوەی مادەی ١٤٠ زۆر کەمە، ئەمەیش زیادکراوە بۆ ٢٠٠ ملیار دینار، بەڵام هێشتان ھەر کەمە، چونکە بەو پارەیە ٢٠ ساڵی دیکەیدەوێت تا قەرەبووکردنەوەکە کۆتایی بێت.

دژوار فایەق روونی کردەوە:  لە کۆبوونەوەی لیژنە باسم کرد، پارەی تەرخانکراو بۆ قەرەبووکردنەوە زۆر کەمە پێویستە یان پارەکە زیاد بکرێت یانیش زەوی وەک قەرەبوو دابەش بکرێت، من جدیم لەسەر بۆچوونی خۆم، زەوی لە جیاتی پارە بۆ قەرەبوو کردنەوە دابەش بکرێت و لەماوەی دووساڵدا کۆتایی بە پرسی قەرەبووکردنەوەی مادەی ١٤٠ بێت.
لەکۆبوونەوەی داھاتووش پێدادەگرم  لەوەی بە بڕی ١٠ ملیۆنی قەرەبوو زەوی دابەش بکرێت، پێویستە سەرکردایەتی کوردستان و نوێنەرانی ھەرێمیش لە بەغدا فشار بخەنە سەر بەغدا بۆ جێ بەجێکردنی ئەو خالانە.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار