دەستەی گەشتوگوزار: بۆ پێشوازیکردنی گەشتیاران لە رۆژانی جەژن ئامادەکاری تەواو کراوە

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان گوتی: بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران ئامادەکاری تەواو کراوە و چەندین لیژنە پێکهێندراون بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە پێشوازی گەشتیاران بکرێت کە پێشبینی هاتنی زیاتر له 300هەزارگەشتیار دەکەین.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ئیبراهیم عەبدولمەجید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئامادەکاری زۆر باشمان کردووە بۆ ئەوەی پێشوازی لە زۆرترین گەشتیار بکەین لەوەرزی هاویندا. زۆرترینی گەشتیاران کە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ پارێزگای هەولێر دێن، دواتریش سلێمانی، دهۆک و هەڵهبجە، بەڵام ئەمساڵ گەشتیارێکی زۆر سەردانی سۆران و زاخۆشیان کردووە، ئێمە دەمانەوێت گەشتیارمان لە هەموو ناوچەکان هەبێت و دەرفەتی کار لە هەموو شوێنەکان بڕەخسێنین.
ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتیشی: سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ هاتنی گەشتیاران لە جەژنی قورباندا بۆ کوردستان کراون، ئەم جەژنە چاوەڕێی هاتنی گەشتیاری زۆر دەکەین بەو هۆیەی قوتابخانە نیە و لە عێراقیش پلەی گەرما بەرزە، بۆیە بە مەزەندەی زیاتر له 300 هەزار گەشتیار ئامادەکاری بۆ پێشوازی کراوە.
عەبدولمەجید ڕوونیشی کردەوە: کۆبوونەوەمان لەگەڵ کۆمپانیا و بنکە گەشتیارییەکان و ڕێستورانتەکان کردووە ئاگاداربن لە ڕۆژانی پشوودا کراوەبن و سوود و دەستکەوتی دارایی بەدەست بێنن، چەندین لیژنەش پێکهێندراوە، یەکێک لە بازگەکان پێشوازی لە گەشتیاران دکات تا دیمەنێکی جوانی میوان دۆستی و شارستانی نیشانی گەشتیارەکان بدەین، لیژنەی دیکە لەسەنتەری شار دەبن بۆ چاودێریکردنی خزمەتگوزارییەکان، هاوکات ژمارەی تەلەفونی تایبەت بۆ گەشتیاران لە هەر بەڕێوەبەرایەتییەک ئامادەکراوە، تا هەر گرفتێکیان هەبێت پەیوەندی بکەن و بۆیان چارەسەر بکرێت.
جگە لەوەش هەوڵ دەدەین پاکێجی گەشتیاری ئامادە بکەین بۆ ئەوەی گەشتیار تەنیا بۆ ناو سروشت نێن، بێنە شوێنە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان وەکو شوێنی شوێنەواری و مێژوویی و گوزاری ئایینی کە هەرێم پێی دەوڵەمەندە، بۆ ئەوەی هەرێمەکەمان چوار وەرزە گەشتیار هەبێت.
بڵند ئیبراهیم




