"سیستەمی بەرگری، ھەرێم لەمەترسی هێرشی دووژمن دەپارێزێت"

هەولێر_KDP.info_ ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: دابینکردنی سیستەمی بەرگری بۆ هێزی پێشمەرگە هەنگاوێکی گرنگە و مەترسی هێرشی دووژمن بۆ سەر هەرێمی کوردستان نامینێت ، چونکە هەرێمی کوردستان هەمیشە بەرگریکار بووە نەک هێرشکەر.
بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دابینکردنی سیستەمی بەرگری لەلایەن ئەمەریکا و دۆستانمان بۆ هێزی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە و دەبێتە هۆی نەمانی مەترسی هێرشی دووژمنان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، چونکە هەرێمی کوردستان هێرش ناکات و هەمیشە بەرگری لەخۆی کردووە، لە شۆڕشی ئەیلول، گوڵان، شەری داعش و تا ئێستاش، بۆیە هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە مافی خۆیانە سیستەمی بەرگریان بۆ دابین بکرێت، کەسیش ناتوانێ ڕێگری لەوە بکات .
بابەکر زێباری گوتیشی، هەوڵەکان بەردەوامن و هەر بڕیارێکیش لە لایەن ئەمەریکاوە بدرێت دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە ، چونکە ئەوان کە بڕیاریان دا جێبەجێیشی دەکەن. بۆیە سیستەمی بەرگری بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە دابین دەکرێت.
بڵند ئیبراهیم




