٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. دلاوەر ئاژگەیی: یەکێتی ئەوروپا پشتگیری لە بەھێزبوونی ھەرێمی کوردستان دەکات

سەرچاوە: KDP.info

یەکێتی ئەوروپا-KDP.info- نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا گوتی، یەکێتی ئەوروپا پشتگیری لە ھەرێمی کوردستان دەکات و لەھاوکاریکردن بەردەوام دەبێت و لەگەڵ ئەوەدایە ھەرێمی کوردستان بە بەھێزی بمێنێتەوە، ھەر بۆیە پشتگیری خۆیان بۆ ھەرێمی کوردستان دووپات دەکەنەوە.

نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، دکتۆر دلاوەر ئاژگەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە چوارچێوەی باشترکردنی پەیوەندییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ دۆستانمان و بە تایبەت لەگەڵ ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا، سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی ھەرسێ وڵاتی لۆکسمبۆرگ و بەلجیکا و ھۆڵەندا کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا و وەزیرانی دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبوونەوەی دوو لایەنەیان ئەنجامدا و، کۆبوونەوەی یەکەم لەگەڵ وەزیری دەرەوەی لۆکسمبۆرگ بوو، کۆبوونەوەی دووەم لەگەڵ جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی بەلجیکا و ھۆڵەندا ئەنجامدا و زۆر سەرکەوتووبوون و بڕیارە لە ڕۆژانی داھاتوو بەردەوام دەبێت، دەتوانین بڵێین ھەفتەیەکی دیبلۆماسی سەرکەوتوو بوو، ھەروەھا ھەرسێ وڵات پشتگیری خۆیان بۆ ھەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە و جەختیشیان کردەوە بەڵای ئەوان ھەبوونی سەقامگیری و ئاسایش زۆر گرنگە لە چوارچێوەی عێراق و ئەوانیش وەکو یەکێتی ئەوروپا بەردەوام دەبن لە پشتگیریکردنی ھەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسیی و سەربازیش و لە کۆبوونەوەکان باسی جیاجیا کران، لەوانە دۆخی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و پرسی ھەڵبژاردن و سەفین دزەیی باسی لەوەکرد حکوومەتی ھەرێمی كوردستان زۆر پێی گرنگە ھەڵبژاردن ئەنجامبدرێت لە کاتێکی زوودا بۆ پێشوەچوونی پرۆسەی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان و داوای کرد ھاوکاری ھەرێم بکەن لە بارەی بەرێوەچوونی ھەڵبژاردن و چیتر دوانەخرێت".

دکتۆر دلاوەر ئاژگەیی گوتیشی: " لە تەوەرێکی دیکە باسی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا کرا و ئاماژە بەو ھەنگاوانە کرا کە ھەرێمی کوردستان ناویەتی لەگەڵ بەغدا بۆ ئەوەی بەرەو پێش و ئارامی بچن و ئاماژە بەوەکرا لای حکوومەتی ھەرێم گرنگە ھەموو مافەکانی ھەرێم لە دەستوور ھاتوو چارەسەر بکرێت و دەستوور بنەمای چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەغدا بێت، کە لە ئێستادا پشتگیری سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن و بە گەشبینیەوە سەیری پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق دەکەن، بەڵام ھەندێک ھێز و لایەن ھەیە ھەوڵ دەدەن مافە دەستوورییەکانی ھەرێم پێشێل بکەن و ئەو مافانەی ھەرێم لە دەستوور ھەیە بەشێک لەو مافانە پێشێل بکەن و ھەرێم بێھێز بکەن ئەوەش پێچەوانەی خواستی وڵاتانی ئەوروپایە کە ئەوان داوا دەکەن ھەرێم بەھێز بێت".

ئاژگەیی باسی لەوەشکرد: "باسی پرسە ئەمنیەکان و شەڕی داعش کرا و ئەو جموجۆڵانەی ھەبوون چۆن بتوانن ئەمن و ئاسایشی ھەرێم و عێراق پارێزراو بێت و ئەوان دووپاتیان کردەوە لەگەڵ ھەرێم دەمێننەوە و پشتگیری ھەرێمی کوردستان و پێشمەرگە دەکەین و بەردەوام دەبن لە ھاوکاریکردن و دۆستانی ئێمەش لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دووپاتیان کردەوە پشتگیری ھەرێم دەکەن و لە دانوستان دەبن لە گەڵ حکوومەتی ھەرێم بۆ ئەوەی بەسەر ئەو کێشە و ئالنگاریانەی ھەن زاڵ بن و چارەسەر بکەن و ئامادەیی خۆشیان دەربڕی ھاوکاربن لەگەڵ ھەرێم".

ناوبراو وتیشی: "ھەر لەو کۆبوونەوانە باسی بابەتی وەبەرھێنان کرا و بەتایبەت کەرتی کشتووکاڵ، کە ھەر سێ وڵاتی ئەوروپا پێشکەوتوون لە بواری کشتووکاڵ و داواکرا ئەوان بە ئەزموونی خۆیان پاڵپشتی سیاسیەتی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم بکەن بۆ ئەوەی ھەرێم بتوانێت ھەنگاوی جدی بنێت بۆ پێشخستنی ئەو کەرتە و ھەرێمی کوردستان زیاتر پشت بە وەبەرھێنانی ناوخۆ ببەستێت لە پشت بەستن بە نەوت، بۆیە ئەو سەردانە دەبێتە فاکتەرێک بۆ بەھێزکردنی پەیوەندی نێودەوڵەتی ھەرێم و ئەوروپا و ئەو پەیوەندیانە دەچنە قۆناغێکی باڵاتر و کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبێت لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەوروپا، ھاوکات ئەو کۆبوونەوانە مەبەست لێیان ئاڵوگۆری بیروڕا و خستنەڕووی تێروانینی ھەرێم لە سەر پرسی ھەنوکەیی و داواکارییەکە لە یەکێتی ئەوروپا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی زیاتر پشتگیری ھەرێم بکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانانەی ئێستا ھەن، چونکە ئەوە لە بەرژەوەندی ھەرێم و ئەوروپایە و بەرژەوەندییەکانیان دەپارێزێت".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار