٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ئەمڕۆ چوارشەممە 6/21 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان ، پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی کرد بە سەرۆکایەتی دانا سترۆڵ جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە کۆبوونەوەکەدا کە جەنەراڵ ماتیۆ ماکفەرلین، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا ئامادەی بوو، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ، سڵاو و ڕێزی وەزیری بەرگری ئەمەریکای بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و پشتیوانیی وڵاتەکەشی بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە .

تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە ، گفتوگۆکردن بوو لە بارەی پەرەسەندنەکانی تایبەت بە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و هەنگاو و ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی یادداشتی لەیەکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا.

لەمبارەیەوە ،جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ، ئاماژەی بەوەدا کە ئەمەریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی، بەردەوام دەبن لە پشتگیریگردنی هێزی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر و بە تایبەتی داعش بۆ دڵنیابوون لە دووبارە بەهێزنەبوونەوەی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە.

سەرۆکی حکومەت، سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیرییەکانی ئەمەریکا دەربڕی و خواستی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی هەمەلایەن لە گەڵ ئەمەریکا دووپاتکردەوە.

بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و کۆتاییهێنان بە شاڵاوی داگیرکردنی زەوی جووتیارانی کورد و تورکمان لە سنووری کەرکووک ، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار