نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له شاندێكى باڵاى UN كرد

پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2023/6/21 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له شاندێكى باڵاى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به سه‌رۆكایه‌تیى به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا ئه‌لده‌رده‌رى، یاریده‌رده‌رى سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌رى هه‌رێمیى UNDP بۆ وڵاتانى عه‌ره‌بى، كرد.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا شانده‌كه پوخته‌یه‌كیان ده‌رباره‌ى ئامانجى سه‌ردانیان بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان خسته ڕوو كه بۆ یارمه‌تیدانى عێراق و هه‌رێمى كوردستانه له هه‌جۆركردنى سه‌رچاوه‌كانى داهات و به ته‌نیا پشتنه‌به‌ستن به نه‌وت. له‌مباره‌یه‌وه سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كردوه كه داهاتووى عێراق و هه‌رێمى كوردستان به هه‌مەجۆركردنى ئابوورى و سه‌رچاوه‌كانى داهاته‌وه، به‌نده.
هه‌ردوولا ده‌رباره‌ى گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وا بیروڕایان گۆڕییه‌وه و هاوڕا بوون كه قه‌یرانێكى جددییه و كاریگه‌رییه‌كى زۆرى له‌سه‌ر عێراق هه‌یه، بۆیه ده‌بێ عێراق به پشتگیریى نێوده‌وڵه‌تى به جددى ڕووبه‌ڕووى ئه‌و قه‌یرانه ببێته‌وه. شانده‌كه دووپاتى كرده‌وه كه هه‌م بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى كاریگه‌رییه‌كانى گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وا و هه‌م بۆ هه‌مه‌جۆركردنى سه‌رچاوه‌كانى داهات، یارمه‌تیى عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ده‌ن.
شانده‌كه هه‌روه‌ها ئاماژه‌یان به كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمى كوردستان كرد كه تیایدا ئاماده‌یى و پشتگیریى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیان ده‌ربڕیوه بۆ یارمه‌تیدانى هه‌رێمى كوردستان له پلانسازى و دانانى نه‌خشه‌ڕێگه بۆ چۆنیه‌تیى ڕاكێشانى وه‌به‌رهێنانى بیانى بۆ هه‌رێمى كوردستان و ڕه‌خساندنى ده‌رفه‌تى كار بۆ گه‌نجان.
لاى خۆیه‌وه سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، وێڕاى پێشوازى له بیروبۆچوون و پلانى به‌ڕێز ئه‌لده‌رده‌رى و UNPD، هیواى سه‌ركه‌وتنى له ئه‌ركه‌كه‌یدا بۆ خواست و هه‌وڵه‌كانى بۆ یارمه‌تیدانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، به‌رز نرخاند.




