لە ھەوڵداین تەواوی گەنمی جووتیارانی ھەرێم وەربگرین

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، ھۆبە کشتووکاڵیەکان خۆیان رێژەی وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران دیاری دەکەن و ئێمەش بەپێی ئەو رێژەی دیاریکراوە لە سایلۆکان لێیان وەردەگرین، بەڵام لەئێستادا لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە گفتووگۆداین بۆ ئەوەی تەواوی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەربگرن، لەبەر ئەوەی رێژەی ئێمەیان دیاریکردووە، کە 500 ھەزار تەن وەردەگرن ئەوەش بەھەوڵ و ھاتنە سەرخەتی راستەوخۆی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بووە.
سەروەر ھاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "رێژەی وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران لە ھەرێمی کوردستان دیاریکراوە کە 500 ھەزار تەنیان لێ وەردەگرن و جووتیار ناتوانێت ھەموو گەنمەکە ڕادەست بکات و ھۆبەی کشتووکاڵیەکان رەسیدیان بۆ دیاری دەکەن و ئەوانیش دەیبەن بۆ سایلۆکان و ئەو رێژەی دیاریکراوە لێیان وەردەگرن، بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان باشترین ھەوڵی داوە و پێشتر 200 ھەزار تەن دیاریکرابوو دواتر کرا بە 375 ھەزار تەن، بەڵام بەھەوڵی سەرۆکی حکوومەت لەرێگەی دکتۆر فوئاد حوسێن کرا بە 500 ھەزار تەن و خۆشی راستەوخۆ لەسەر خەت بوو".
سەروەر ھاواری گوتیشی: "ئێمە سایلۆکانمان کراوەتەوە و ھەر جووتیارێک گەنم بێنێت لێی وەردەگرن بەپێی ئەو رەسیدەی کە کشتووکاڵ بۆی دیاریکردووە و ئێمە ناتوانین زیاتریان لێ وەرگرین، چونکە رێژەی وەرگرتن دیاریکراوە و کراوە نییە وەکو باشوور و ناوەڕاستی عێراق و پارەکەشی سیادییە و ناتوانین زیاتر وەرگرین، چونکە سەرفی ناکات، ئەگەر وەزارەتی کشتووکاڵیش ھەر قسەیەکی کردووە دەتوانن لەخۆیان بپرسن، چونکە ھۆبە کشتووکاڵیەکان خۆیان بڕەکە دیاری دەکەن نەک ئێمە، ئەوان نووسراویان بۆ دەکەن بۆ سایلۆ ئێمەش لێیان وەردەگرین".
ھاواری ڕوونیشیکردەوە: "ئێمە تا 500 ھەزار تەن تەواو دەبێت گەنم لە جووتیاران وەردەگرین و ھەر لەئێستاوەش لە ھەوڵداین بۆ ئەوەی تەواوی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەربگرین، بۆ ئەو مەبەستەش لە گفتووگۆی بەردەوام داین".
بڵند ئیبراھیم




