سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە شاندێکی ژووری بازرگانیی ئەمریکی دەکات

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە شاندێكی ژووری بازرگانیی ئەمریکی كرد و هانی کۆمپانیا ئەمەریکییەکانی دا، پەرە بە وەبەرهێنانەکانیان لە هەرێمی کوردستان بدەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 19/6/2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی ژووری بازرگانیی ئەمریکی کرد، لە کۆبوونەوەکەدا کە ئێرڤن هیکس، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، ستیڤ لوتس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمریکی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کورتەیەکی دەربارەی ئامانجی سەردانەکەیان و پێکهاتەی شاندەکە خستە ڕوو، کە لە نوێنەری ژمارەیەک لە کۆمپانیای ئەمریکی لە بواری پەرەپێدانی کشتوکاڵی پێک هاتبوو.
سەرۆکی حکوومەت، وێڕای سوپاسکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ گرنگیدان بە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کەرتی تایبەتەوە، تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووریی بەهێز و کاراکردنی سیستەمی بانکی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا: "ئامانجمان ئەوەیە، هەرێمی کوردستان ببێتە سەنتەرێکی گرنگی کشتوکاڵی و بازرگانی لە ناوچەکەدا بە ئاراستەی دابینکردنی ئاسایشی خۆراک." سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هانی کۆمپانیا ئەمەریکییەکانیشی دا، پەرە بە وەبەرهێنانەکانیان لە هەرێمی کوردستان بدەن بە تایبەتی لە بواری وزەی نوێبووەوە و کاروباری بانکی، ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پێشکەشکردنی هەر ئاسانکاری و هەماهەنگییەکی پێویست لەمبارەیەوە دووپات کردەوە.




