٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دوو مەرزی دیکە لەنێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران دەکرێنەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران گوتی، بەھۆی ئەو ھەماھەنگی و ئاسانکاریانەی لەنێوان ھەرێم و ئێران وایکردووە رێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان ھەرێم و ئێران بەرێژەی 25% زیاد بکات و بڕیاریشە دوو مەرزی نوێش بکرێنەوە و کۆبوونەوەیەکی دیکەش لە حاجی ئۆمەران لە نێوان پارێزگاری ھەولێر و ئورمیە بەڕێوەدەچێت.

عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پێش ماوەیەک سەردانێکی پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان بۆ ئێران لە ئورمیە رێکخرا، لەوێ باس لەوەکرا کە کار بکرێت بۆ ئەوەی قەبارەی بازرگانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران زیاد بکرێت و لەئێستادا بەراورد بەساڵی رابردوو 25% زیادی کردووە، ئەمە لەحاجی ئۆمەران و لە مەرزەکانی دیکەش بەھەمان شێوە زیادی کردووە، بۆیە بەردەوام بەرەو زیادبوونه‌ و لە کۆنفرانسی ئورمیەش باس کرا".

عەبدوڵڵا ئاکرەیی گوتیشی: "ھەوڵدەدرێت بۆ زیاتر زیادکردنی و لەماوەی چەند رۆژی داھاتوو کۆبوونەوەیەکی دیکەی نێوان پارێزگاری ھەولێر لەگەڵ پارێزگاری ئورمییە لە خاڵی سنووری حاجی ئۆمەران بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەوەی بتوانن ئاڵوگۆری بازرگانی زیاد بکرێت و ھەرێم و ئێرانیش سوورن لەسەر ئەوە و خودی سەرۆککۆماری ئێرانیش جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە پێویستە ھەرچی پێویست بێت بکرێت بۆ زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی".

ئاکرەیی باسی لەوەشکرد: "دوو مەرزی دیکەش لە قەڵادزێ و لە سیدەکان لەنێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران دەکرێنەوە، ئەمەش لەپێناو ئەوەی بتواندرێت ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران زیاد بکرێت و بڕیارە ئەو دوو مەرزەش لەم دوو مانگە بکرێنەوە".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار