ئەمڕۆ شاندێکی بازرگانی ئەمەریکا سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان گوتی، بڕیارە ئەمڕۆ شاندێکی کۆمپانیا ئەمەریکیەکان بێنە ھەرێمی کوردستان و دەیانەوێت لە بواری کشتووکاڵ کاربکەن، بۆ ئەو مەبەستەش سبەی لە دەستەی وەبەرھێنان لەگەڵیان کۆدەبینەوە.
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، دکتۆر محەمەد شوکری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەمڕۆ یەکشەممە شاندێکی ژووری بازرگانی ئەمەریکی-کوردستانی، کە لە 20 کۆمپانیای بازرگانی ئەمەریکا پێکدێت سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن، مەبەست لەسەردانەکەشیان دەیانەوێت لە کەرتی کشتووکاڵ لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن و ئێمەش وەکو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ئاسانکاری و ھاوکاریەکیان دەکەین بۆ ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان کاربکەن".
دکتۆر محەمەد شوکری گوتیشی: "ئەو شاندەی بازرگانی ئەمەریکا بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە ھەرێمی کوردستان دەمێننەوە و دەیانەوێت لە بواری کشتووکاڵ لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن، بۆیە ئێمە ھانی ھەموو کۆمپانیا بیانیەکان دەدەین بێن لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن".
شوکری باسی لەوەشکرد: "ئەمڕۆ کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆ پێشوازیان لێ دەکەین و لەگەڵیان کۆدەبینەوە لە دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان".
بڵند ئیبراھیم




