رێگای سەرەکی ناحیەی خورماڵ و بیارە نۆژەن دەکرێتەوە

ھەڵەبجە-KDP.info- وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بوودجەی ٢٩٨ ملیۆن دیناری بۆ نۆژەنکردنەوەی رێگای پردی زەڵم بۆ ناحیەی خورماڵ و ناحیەی بیارە بۆ گوندی بەڵخە دابیندەکات ئەمەش بەمەبەستی بوونی رێگایەکی شیاو بۆ ھاتووچۆی ھاونیشتیمانیانی ناوچەکە و گەشتیاران کە ساڵانە سەدان ھەزار گەشتیار ڕوو لە ناوچە گەشتیارەکانی ھەورامان دەکات.
بەختیار حوسێن، بەڕێوەبەری رێگاوبانی ھەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی رێگای نێوان پردی زەڵم بۆ ناحیەی خورماڵ بە درێژی ٥ کیلۆمەتر بە گوژمەی ١٤٠ ملیۆن دینار لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی ھەرێم بوودجەکەی بۆ دابینکراوە".
بەختیار حوسێن گوتیشی: "پڕۆژەی دووەمی چاکسازی لە رێگاوبانی ناحیەی بیارە بۆ گوندی بەڵخە بە درێژایی زیاتر لە ٤ کیلۆمەترە و بە گوژمەی ١٥٨ ملیۆن دینارە و لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆمان دابینکراوە".
حوسێن وتی: "پڕۆژەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی رێگاوبانی ھەڵەبجە سەرپەرشتی جێبەجێکردنی دەکەین و راستەوخۆ بڕیارە لە پێش جەژنی قوربان دەست بە کارکردن لە پڕۆژەکان دەست پێبکەین".
ئاماژەی بۆئەوەشکرد: "چوار پڕۆژەی تری رێگاوبان و کۆنکرێت کردنمان ھەیە کە تازە کردنەوەیان دەوێت ئەوانیش پڕۆژەی قیرتاوکردنی رێگای گوندی کوڵکنی بۆ گوندی تەپی سەفا کە بوودجەکەی ١٥٥ ملیۆن دینارە، ھەروەھا قیرکردنی کۆڵانەکانی گوندە تەپە ڕێزینە بە بوودجەی ٨٨ ملیۆن دینار و قیرکرنی کۆڵانەکانی گوندە سەرگەت کە بوودجەی ١٩٤ ملیۆن دینارە، ھاوکات قیرکردنی ڕێگای گوندی نارنجڵە بە بوودجەی ٨١ ملیۆن دینار، کە ئەم پڕۆژانەش خۆمان جێبەجێیان دەکەین ".
عەزیز ڕەسووڵ




