٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: فۆرمی نیشتەجێبوون دادپەروەری دروست دەکات و رادەگەیەندرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، فۆرمی نیشتەجێکردنمان دروست کردووە بەشێوەی ئەلیکترۆنی، کە دادپەروەریەکی زۆر دروست دەکات لە ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ھەر پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە ھەرێمی کوردستان دروست بێت لەرێگەی ئەو فۆرمەوە ھاووڵاتیان داواکاری پێشکەش دەکەن.

توانا بەشیر، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "وەکو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان فۆرمێکی ئەلیکترۆنیمان ئامادەکردووە لەبارەی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون کە ھاووڵاتی زۆر بەئاسانی دەتوانێت پڕی بکاتەوە بۆ وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون کە بەشێوەی ئۆنلاین دەبێت و نمرەش بۆ ئەو کەسانە دیاری دەکرێت کە پڕی دەکەنەوە، کە کێ شایستە بێت بۆ وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون".

توانا بەشیر گوتیشی: "بە راگەیاندنی فۆرمی نیشتەجێبوون بەشێوەی ئۆنلاین ھەنگاوێکی زۆر گرنگە و دادپەروەری دروست دەکات و فۆرمەکە بەجۆرێک دروست کراوە کۆنترۆڵی ھەموو پرسەکان دەکات لەڕووی داتاکانەوە، بۆیە لەماوەی ئەم دوو ھەفتەیە فۆرمەکە رادەگەیەندرێت".

بەشیر باسی لەوەشکرد: "وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن خۆی فۆرمەکە رادەگەیەنێت و بۆ ھەموو ھەرێمی کوردستانیش دەبێت و لەمەودوا ھەر پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون ھەبێت ھاووڵاتیان دەتوانن بۆ وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون لەرێگەی ئەو فۆرمەوە داواکاری پێشکەش بکەن، کە بەشێوەیەکی زۆر دادپەروەرانە و بەپێی خاڵ دەبێت ئەوەی شایستە بێت یەکەکان وەربگرێت، بۆیە دروستکردنی ئەو فۆرمەی نیشتەجێبوون کە بەشێوەی ئەلیکترۆنی و ئۆنڵاین دەبێت ھەنگاوێکی زۆر گرنگە".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار