بەڕێوەبەری فڕۆکەخانە: به ڕێژەی 17% گەشتیاری زیادی کردووە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر ئاشکرایکرد، دوای نۆ ساڵ لە ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانیەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتی جۆرجیا، جارێکی دیکە گەشتەکان دەستیپێکردەوە و ڕۆژانەش 72 گەشتمان لەگەڵ وڵاتان ھەیە، ھەروەھا بەراورد بە مانگی رابردوو رێژەی گەشت و گەشتیارانمان زیادی کردووە.
ئەحمەد ھوشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ماوەی نۆ ساڵە گەشتە ئاسمانیەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتی جۆرجیا ڕاگیرابوون، بەڵام دوای ئەو ساڵانە جارێکی دیکە گەشتە ئاسمانیەکان لە ھەولێر بۆ وڵاتی جۆرجیا دەستی پێکردەوە".
ئەحمەد ھوشیار گوتیشی: "لە ئێستادا دوای دەستپێکردنەوەی گەشتەکان ھەفتانە یەک گەشت ئەنجام دەدرێت و ئەگەر گەشتیار ھەبێت دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراق زیادی دەکات و گەشتەکانیش زیاد دەبن".
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر ڕوونیشیکردەوە: "گەشتەکانمان بەراورد بە مانگی رابردوو زیادی کردووە، کە ڕۆژانە 72 گەشتمان بۆ وڵاتان ھەیە و رێژەی گەشتیاریش بەرێژەی 17%زیادی کردووە و رێژەی گەشتەکانیش بەرێژەی 8%زیادی کردووە، ھاوکات لە 15ی ئەم مانگەوە گەشتەکانمان زیاتریش دەبێت".
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر بەردەوام لە ھەوڵدایە بۆ ئەوەی گەشتەکانی ئاسمانی لەگەڵ وڵاتان فراوانتر بکات و ئەو وڵاتانەی گەشتی لەگەڵ نییە گەشتیان لەگەڵ ئەنجامبدات.
بڵند ئیبراھیم




