پەیامی سەرۆکى هه‌رێمى كوردستان ده‌رباره‌ى پەسەندکردنی بودجەی عێراق

ھەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێكی ده‌رباره‌ى پەسەندکردنی بودجەی عێراق بڵاوكرده‌وه و ده‌ڵێ، پێویسته یاساى بودجە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە جێبەجێ بکرێت و ڕەچاوی پێگەی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی سیاسیی دەستووری و ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان بكات و ماف و بەرژەوەندییەکانیان بپارێزێت.
ده‌قی پەیامی سەرۆکى هه‌رێمى كوردستان ده‌رباره‌ى پەسەندکردنی بودجەی عێراق:
پێشوازى لە پەسەندکردنی بودجەی سێ ساڵیی عێراق دەکەین. هیوادارین ببێتە نەخشەڕێیەکی باش بۆ پێشكه‌وتنى ئابوورى و سەقامگیریی سیاسى و زەمینەیەکی باشى وەبەرهێنان دروست بكات. دەستخۆشی لە هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه ده‌كه‌ین کە دڵسۆزانە بۆ بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و یەکسانیی خەڵکی عێراق کاریان کرد.
جێگەی داخه لە گفتوگۆکانی په‌رله‌ماندا، هەندێ له پەرلەمانتاران بە شێوەیەکی نادروست هەڵسوکەوتیان بەرامبەر مافەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان کرد. ئه‌وه‌ى ڕوویدا له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانى ڕێككه‌وتنى سیاسیى هاوپه‌یمانیى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌تدا نایه‌ته‌وه و ئه‌و ئاراسته و شێوه‌یه له كاركردن، خزمه‌ت به پرۆسه‌ى سیاسى و دۆخ و داهاتووى عێراق ناكات.
پێویسته یاساى بودجە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە جێبەجێ بکرێت و ڕەچاوی پێگەی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی سیاسیی دەستووری و ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان بكات و ماف و بەرژەوەندییەکانیان بپارێزێت. ده‌بێ دڵنیاییی تەواو هەبێ لەوەی شایسته دارایییەکان و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە هۆکاری سیاسی دوا ناخرێن و فەرامۆش ناکرێن.
ئەوەی لە کاتی گفتوگۆى بودجەدا بینیمان، مایه‌ى نیگه‌رانییه‌كى قووڵه و جارێکی دیکە ئەو ڕاستییه‌ى سه‌لماند كه دابه‌شبوونى لایه‌نه كوردستانییه‌كان زیان به هه‌رێمى كوردستان ده‌گه‌یه‌نێت. وێڕاى ئه‌مه‌ش بە ویستى سیاسیی هاوبەش و به ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی گشتی، دەتوانین ئه‌مه بکەینە دەرفەتێک بۆ بەهێزکردنی متمانەى نێوانمان، ڕێکخستنەوەی باشترى ناوماڵی خۆمان، خاوکردنەوەی گرژییەکان و چارەسەری کێشەکان بۆ بەهێزکردنی زیاتری عێراق و هەرێمی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2023/6/13




