د. ئەرشەد تەھا": بەھۆی پەسەندکردنی بودجە جووڵە دەکەوێتە بازاڕ"
_(1)__2023_06_12_h16m9s57__ER.jpg)
ڕاوێژکاری ئابووری پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد، بەھۆی پەسەندکردنی یاسای بودجە و دیارکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان جووڵەیەکی زۆر دەکەوێتە بازاڕ و کێشەی دابەشکردنی مووچە کۆتایی دێت.
د. ئەرشەد تەھا، ڕاوێژکاری ئابووری پەرلەمانی کوردستان بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند:" دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو یاسای بودجە پەسەندکرا دەنێردرێتە سەرۆکایەتی کۆمار و دواتر لە ڕۆژنامەی فەرمیی وەزارەتی دادی عێراق بڵاو دەکرێتەوە و دەچێتە بواری جێ بەجێکردن، بەڵام لە سەرەتای ئەمساڵەوە ھەژمار دەکرێت، بەڵام ھەرێمی کوردستان سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ خۆی نەوتی فرۆشتوە لە ٢٥ی ئادارەوە لەبودجە بۆی ھەژمار دەکرێت، واتە ١٢%ی پشکی ھەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت و کاریگەری لەسەر ئابووری ھەرێمی کوردستان دەبێت.
ڕاوێژکاری ئابووری پەرلەمانی کوردستان گوتی:" بەھۆی ئەوەی چەند ساڵی ڕابردوو ھەرێمی کوردستان بەچەند قەیرانێکدا تێپەڕی لەوانەش دابەزینی نرخی نەوت و بڕینی بەشە بودجەی ھەرێم لەلایەن بەغداوە، ھاتنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، کاریگەریان لەسەر ڕەوشی ئابووری ھەرێم ھەبوو، بەسەریەکداهاتنی ئەم ھەموو تەنگژانە ھەرێمی کوردستانی تووشی قەیرانێکی ئابووری کرد.
د. ئەرشەد تەھا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد" ئەگەر کێشەی سیاسی دروست نەکرێت مانگانە لەکاتی خۆی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان دەگات و مووچە بەبێ دواکەوتن و لێبڕین دابەش دەکرێت، ئەوەیش کاریگەری لەسەر جووڵەی بازاڕ دەبێت، چونکە بەشێکی زۆری جووڵەی بازاڕ پەیوەستە بە دابەشکردنی مووچەوە لە ٤٠ ملیۆن ھاوڵاتی عێراقی ١٠ ملیۆنی داھاتی لەسەر مووچەیە و لە ھەرێمیش لە شەش ملیۆن کەس یەک ملیۆن و ٢٠٠ ھزار مووچە خۆر ھەیە، جگە لەوە دەست دەکرێت بە تەواوکردنی پڕۆژەکان و پڕۆژەی نوێش دەکرێنەوە.
قائید میرۆ




