٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

داوود ئوغڵۆ بۆ سەردانی دیاربەكری كرد؟

سەرچاوە: KDP.info

موراد یەتكین

دەتوانین ئەو پرسە تۆزێك درێژتر بپرسین. لە چوارچێوەی قۆناخی چارەسەری پرسی كورددا و لە پەراوێزی هەنگاوەكانی حكوومەتی توركیا بۆ چارەسەر كردنی ئەم پرسە، بۆ بەر لە نەورۆز نە كەسێكی دیكە بەڵكۆ ئەحمەد داوود ئوغڵۆ سەردانی دیاربەكری كرد؟

دەتوانین دوو وەڵامی تەكەڵاو بۆ ئەم پرسە ئامادە بكەین.

یەكەمین وەڵام" لە نەرۆزی حەساس و گرنگی ئەم ساڵدا سەرۆك وەزیری توركیا زۆربەی هەرە زۆری وەزیرەكانی راسپاردووە كە لە ناوچە جیاجیاكانی توركیادا دەست بە شرۆڤە كردن و ئیزاح كردنی قۆناخی چارەسەری پرسی كورد بەكەن. لەم چوارچێوەیەشدا دیاربەكر و چەندین ناوچەی دیكەی كوردنشین بوون بەشی داوود ئوغڵۆ بەو ماناییە كە سەرۆك وەزیر داوود ئوغڵۆی راسپارد كە بۆ شرۆڤە كردن و ئیزاح كردنی قۆناخی چارەسەری پرسی كورد سەردانی دیاربەكر بكات و بێجگە لە دیاربەكر بریارە وەزیری دەرەوەی توركیا سەردانی چەندین ناوچەی دیكە لە رۆژئاوای توركیادا بكات كە رێژەیەكی زۆر هاووڵاتی كورد تێیایاندا نیشتەجێیە.

دووەمین وەڵام" وەڵامی دووەم تۆزێك تەواوكەری وەڵامی یەكەمینە. مرۆڤ دەتوانێت بپرسێت بۆ چی سەرۆك وەزیری كەسانی دیكە وەكو بەشیر ئاتالای، بولەنت ئارنج یا موعەمەر گۆلەری بۆ دیاربەكر بەرێ نەكرد و تەنیا ئەحمەد داوود ئوغڵۆی بەرێ كرد؟ ئایا سەرۆك وەزیر لە وەزیرەكانی دیكە زۆرتر متمانەی بە داوود ئوغڵۆ هەیە؟

بە راستی وەڵام لە نێو پرسەكە بۆ خۆیدایە. چوونكە دوای سی ساڵ لە شەڕ و پەیڕەو كردنی سیاسەتی سەربازی لە بەرامبەر پرسی كورد و كۆشتنی زیاتر لە 40 هەزار هاووڵاتی ئەم وڵاتە، ئەمرۆ حكوومەت و دەوڵەتی توركیا تێگەیشتووە كە پرسی كورد پرسێك نییە كە بە رێگە چارەی سەربازی چارەسەر بكرێت بەڵكۆ چەندین بواری جیاجیای پرسی كورد هەیە كە یەكێك لە گرنگترین بوارەكانی ئەم پرسە بواری دەرەكی و نێونەتەوەیی پرسی كوردە.

دوای ئەوەی كە توركیا گەیشتە ئەم قەناعەتە كە پرسی كورد بە رێگا چارەی سەربازی چارەسەر ناكرێت دەستی بە گۆڕانكاری سەرەكی كرد بۆ نموونە سەرەتا لە نێو دەزگای میتدا گۆڕانكاری پێویست ئەنجام دران و هاكان فیدان وەكو بەرپرسی نوێ میت دەستنیشان كرا. دوای دەستنیشان كردنی هاكان فیدان وەكو بەرپرسی میت، سەرۆك وەزیری توركیا هەمیشە هەوڵی بۆ ئەوە داوە كە لە چوارچێوەی سیاسەتی دەرەكی توركیادا میت و رێكخراوەكانی سەر بە میت بەكار بهێنێت.

سەبارەت بە داوود ئوغڵۆیش دەبێت ئاماژە بەوە بكەم كە لە چوارچێوەی قۆناخی چارەسەریدا وەزیری دەرەوەی توركیا یەكێكە لەو كەسە نزیكانە كە لەگەڵ سەرۆك وەزیری توركیادا كار دەكات و را و بۆچوونەكانی نزیكی راوبۆچوونی سەرۆك وەزیرە. پێویستە ئەوەیش لە بیر نەكرێت كە لە كاتی قۆناخی حەساسی سیاسەتی توركیا لە بەرامبەر عێراقدا، وەزیری دەرەوەی توركیا توانی سەردانی باكووری عێراق بكات و لەگەڵ سەرۆكی دەسەڵاتی كوردی لە باكووری عێراقدا چاوپێكەوتن ساز بكات. ئەم سەردانەی داوود ئوغڵۆ بۆ هەولێر یەكێك بوو لە هەنگاوە گرنگەكانی دەوڵەتی توركیا لە چوارچێوەی یەكەمین قۆناخی كرانەوەی دیموكراتێك بە رووی كورددا. هەر بۆیە ئەو شتانەی كە داوود ئوغڵۆ سەبارەت بە پرسی كورد و پەكەكە لە دیاربەكر پێشكەش دەكات، نەتەنیا راوبۆچوونی توركیا بەڵكۆ تا رادەیەكیش راو بۆچوونی دەسەڵاتی باكووری عێراقە، ئەمە شتێكە كە هەر وەزیر یا بەرپرسێكی دیكەی توركیا ناتوانێت ئاماژەی پێ بكات. بەو ماناییە كە داوود ئوغڵۆ لە دیاربەكر هەم پەیامی دەوڵەت پێشكەش دەكات هەم پەیامی سەرۆكی دەسەڵاتی باكووری عێراق مەسعوود بارزانی پێشكەش دەكات.

بێجگە لەم مەسەلانە داوود ئوغڵۆ داوا لە سەرۆكی شارەوانی دیاربەكر و رێكخراوەكانی سەر بە شارەوانی، پیاوماقووڵان و رێكخراوە مەدەنییەكان دەكات كە پاڵپشتی تێپەڕاندنی ئاشتییانەی نەورۆز بكەن و بۆ چارەسەر كردنی پرسی كوردیش هاوكاری هەر دوو لا بكەن چوونكە چارەسەر كردنی پرسی كورد لە توركیا دەتوانێـت توركیایەكی نوێ و بەهێز لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بكاتە مودێلێك بۆ وڵاتانی دیكە.

 

سەرچاوە: رادیكاڵ

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار