وەزارەتی کشتوکاڵ: " بە سێ ڕێگا کار بۆ پشتیوانی کەرتی کشتوکاڵ دەکەین".

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئاشکرایکرد، بەسێ ڕێگا کار بۆ گەشەکردنی بەرھەمی ناوخۆ و کەرتی کشتوکاڵ دەکەن و بەڕێوەبەری گشتی پلاندانانی وەزارەتەکەش دەڵێ: پلان ھەیە لە داھاتوو بەرھەمی زیاتر ڕەوانەی دەرەوە بکرێت.
د. زێدا محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند" حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەیی پیشانداوە بۆ پشتیوانی کردنی بەرھەمی جووتیارانی خۆمان، بۆ ئەو مەبەستەش .حکوومەت بەسێ پلان کار بۆ گەشەکردنی کەرتی کشتوکاڵ دەکات لەوانە، زیادکردنی بەرھەمی جووتیاران ئەویش سەرەتا لە ڕێگەی پڕکردنەوەی پێویستی ناوخۆ و دواتریش ناردنە دەرەوەی بەرھەمی ناوخۆ و ناساندنیان لەسەر ئاستی جیھان.
بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان گوتیشی: " ساڵی ڕابردوو ڕێژەیەکی باشی ھەناری کوردستان ھەناردەی دەرەوە کراو دەنگدانەوەی لە وڵاتانی دەرەوە دەنگدانەوەیەکی بەرچاوی هەبوو، حکومەت لە پلانی دایە بۆ ئەمساڵ و سالانی داھاتوو بەرھەمی دیکەی وەک سێو و ھەنگوینی کوردستانیش ڕەوانەی دەرەوە بکرێت.
د. زێدا محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەکرد" خولی ڕاھێنان بۆ فەرمانبەرانی پەیوەنددار بە کەرتی کشتوکاڵ دەکرێتەوە و لە ڕێگەی ئەو خولانەوە ڕاھێنان لەسەر چۆنیەتی بەرھەم ھێنان دەکەن و دواتر ئەو بەشداربوانە ڕاھێنان بە جووتیاران دەکەن، چونکە پێویستە کارکردن لە کەرتی کشتوکاڵ لەسەر بنەمای زانستی بێت، بۆ ئەوەی بتوانین ھەم ڕێژەی بەرھەم زیاد بکرێت، هەم کوالێتی بەرھەمی کوردستان بەرەو باشتر ببەین.
قائید میرۆ




