فازڵ میرانی پێشوازی لە پارتی ئیرادەی تورکمانی کرد

پیرمام-KDP.info- ئەمڕۆ لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی، فازڵ میرانی، پێشوازی لە شاندی پارتی ئیرادەی تورکمانی کرد، لە دیدارەکەدا بەرپرسی دەستەی کارگێری جەختی لە گرنگی یەکڕیزی و تەبایی ھێز و لایەنە سیاسیەکان و پاراستنی پێکھاتەکان کرایەوە و پێداگری لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان سەرجەم ھێز و لایەنە سیاسیە کوردستانیەکان کرد لە پێناو پاراستنی ئەزموونی ھەرێم و دامەزراوەکانی.
ئەمڕۆ لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی پێشوازی لە شاندی پارتی ئیرادەی تورکمانی کرد.
لە دیدارەکەدا کە ئازاد بەرواری و سیداد بارزانی و مەحموود محمد ئەندامانی دەستەی کارگێری و جەعفەر ئیبراھیم ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی گشتی پارتی ئامادەبوون.

فازڵ میرانی وێرای بەخێرھێنانی شاندی میوان خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ ئەم دیدارە و پیرۆزبایی گەرمی لێیان کرد بەبۆنەی بەستنی کۆنگرەیان و ھیوای سەرکەوتنی بۆیان خواست وێڕای باسکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان ھەردوولاو چۆنیەتی پتەوکردنی ئەم پەیوەندییەیانە لە ئایندەدا، ھاوکات تیشک خرایە سەر پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە ھەرێمی کوردستان لە سەر بنەمای رێز لە یەکدی گرتن و پاراستنی ماف و تایبەتمەندییەکانی ھەرلایەک.
ھەروەھا بەرپرسی دەستەی کارگێری جەخت لە گرنگی یەکڕیزی و تەبایی ھێز و لایەنە سیاسیەکان و پاراستنی پێکھاتەکان کرایەوە و پێداگری لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان سەرجەم ھێز و لایەنە سیاسیە کوردستانیەکان کرد لە پێناو پاراستنی ئەزموونی ھەرێم و دامەزراوەکانی.
لەلای خۆیەوە مەحموود چەلەبی سەرۆکی پارتی ئیرادەی تورکمانی سوپاسی مەکتەبی سیاسی پارتی کرد بۆ ئەم پێشوازیە و جەخت لە سەر پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکان کرد کە خزمەت بە پێکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستان دەکات، بەتایبەت کە پارتی دیموکراتی کوردستان خوازیاری پێکەوەژیانە، ھەمیشەش بارزانی نەمر پاڵپشتی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان بووە.
دواپێشھاتەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بەگشتی و پرۆسەی ھەڵبژاردنی کوردستان کە گرنگە بکرێت و چەند پرسێکی دیکە کە جێی بایەخی ھاوبەشن تەوەرێکی دیدارەکە بوون.




