قایمقامی عەنکاوە": چەندین پڕۆژەی خزمەت گوزاری کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردن"
__2023_06_10_h18m51s7__HK.jpg)
لە سنووری قەزای عەنکاوەی سەربە پارێزگای ھەولێر، ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردن و قایمقامی قەزاکەش دەڵێ: پڕۆژەکان بەردەوامیان دەبێت بۆ خزمەت کردنی ھاووڵاتیانی عەنکاوە.
ڕامی نووری عودیش، قایمقامی قەزای عەنکاوە بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند": چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنوری قەزای عەنکاوە کەوتوونەتە بواری جێ بەجێکردن، بە گوژمەی ملیارێک و ٣٠ ملیۆن دینار لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای ھەولێر ، ساڵی ڕابردوو ژمارەیەک پڕۆژە جێبەجێکراون و ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەش لەسەر داھاتی عەنکاوە چوونەتە بواری جێبەجێکردن و بەشێکیان تەواوبووینە و بەشێکی دیکەیش هێشتا کاریان تێدا دەکرێت.
قایمقامی عەنکاوە گوتی: بەفەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، نزیکەی شەش ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبا و رێگاوبان لە گەڕەکی ١٢٨ی عەنکاوە، کە ھەزار و ٢٠٠ خێزان لەو گەڕەکە نیشتەجێن و لە ساڵی ٢٠١١ بڕیاری گەیاندنی خزمەتی بۆ ئەو گەڕەکە دەرچووبو، بەڵام جێبەجێنەکرابوو، لەمانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بەردی بناغەیان بۆ دانراوە و کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردن.
ڕامی نووری عودیش ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ شارۆچکەی عەنکاوە هەر بەردەوام دەبن، بەتایبەتی دوای دەرچوونی بڕیاری قەزاکە دەمانەوێ زیاتر خزمەتگوزاری پێشکەش بە ھاوڵاتیانی عەنکاوە بکرێت.
قائید میرۆ




