نەخۆشى پەردەى مێشک لەناو منداڵانى هەڵەبجە لە فراوانبون دایە!
__2023_06_10_h15m58s16__ER.jpg)
هەڵەبجە - KDP.info - نەخۆشخانەى وەفا لە هەڵەبجە پڕ بووە لەو منداڵانە دووچارى نەخۆشى پەردەى مێشک بوونە، پزیشکێکى پسپۆریش باس لە هۆکارى خێراى بڵاو بوونەوەى نەخۆشیەکە دەکات لە ناو منداڵانى هەڵەبجە.
دکتۆر دالیا محەمەد پسپۆرى نەخۆشیەکانى منداڵان لە نەخۆشخانەى منداڵانى هەڵەبجە بە ماڵپەڕى فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: " نەخۆشى هەوکردنى پەردەى مێشک نەخۆشیەکى گوازراوەیە لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکى تر دەگوازرێتەوە، خێزان هەیە ئێستا لە نەخۆشخانەکەمان پێنچ منداڵى تووشى نەخۆشى بوون و خەوێندراون، یان ئامۆزا و پورزا و خاڵۆزا پێکەوە نەخۆشیەکەیان گرتووە ئەوەش بە هۆى لێک نزیکبوونەوە و تەکەڵ بوون پێکەوە.
د. دالیا محەمەد گوتیشى: " نەخۆشیەکە لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکى تر لە ڕێگەی گرنگی نەدان بە شۆردن و پێکەوە خواردنی خواردن و نەشوشتنى دەست، بەشێکیشى لە ڕێگەى پژمە و کۆکەوە دەگوازرێتەوە.
ئەو نەخۆشانەى دێنە نەخۆشخانەى وەفا و هەوکردنى پەردەى مێشکیان هەیە، چاودێرییان دەکەین ئەگەر پێویستییان بە پشکنینى ئاوى پشت هەبێت بۆیان دەکەین.
نەخۆشخانەى وەفا لە سەردەمى نەخۆشى ڤایرۆسى کۆڕۆنا دروستکرا بۆ نەخۆشانى توشبووى کۆڕۆنا، ئێستا بەهۆى بەرفراوانى بڵاو بونەوەی نەخۆشییەکە ئەو نەخۆشخانەیە تایبەتکراوە بە نەخۆشى پەردەى مێشک.
دکتۆرەکە گوتیشی: خۆشانى سەرئێشە و ئازار دێنە لامان سەرەتا شەربەتى تاو ئازاریان بۆ دەنووسین، وەک چاودێر، ئەگەر تا دوو ڕۆژى دواتر هەر چاک نەبوو ئەوە پێیان دەڵێین نەخۆشەکە بێننەوە نەخۆشخانە، چونکە ئەگەر نەخۆشییەکە هەوکردنى پەردەى مێشکبێت ئەوە منداڵەکان بەرە و باشى ناڕوات بۆیە لە نەخۆشخانە دەیخەوێنین".
بەگووتەی د. دالیا: لە ماوەى دوو ڕۆژى ڕابردوودا ٢٠ منداڵ تووشى نەخۆشی پەردەى مێشک بوونە، ماوەى سێ مانگە بڵاوبووەتەوئەو نەخۆشییە و بەردەوام لەفراوانبووندایە. هەر نەخۆشێکیش ٨ ڕۆژ لە نەخۆشخانە لە ژێرچاودێرى پزیشکیدا دەبێت و چارەسەر وەردەگرێت.
حکوومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى تەندروستى بەردەوام لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى هەڵەبجە لەسەر هێڵن بۆ کۆنتڕۆڵکردنى نەخۆشى پەردەى مێشک لە ناو منداڵانى هەڵەبجە.
عەزیز ڕەسووڵ




