د. بێریڤان یاسین: ئەوانەی گومانی تای خوێنبەربوونیان لێدەکرێت دووجار پشکنینیان بۆ دەکرێت

ھەولێر-KDP.info- لە ھەولێر چوار حالەتی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون و بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیش دەڵێ، ئەوانەی گومانی پەتای خوێنبەربوونیان لێدەکرێت لە تاقیگەی ناوەندی پشکنینی بۆ دەکرێت و دواتر رەوانەی تاقیگەی بەغداش دەکرێت.
د. بێریڤان یاسین، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "تا ئێستا چوار حالەتی تای خوێنبەربوون لە سنووری ھەولێر تۆمارکراون و دوو لەو کەسانە بەداخەوە گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش لەژێر چارەسەرن، ھەروەھا نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ناوەندی ھەولێریش تایبەت کراوە بە تای خوێنبەربوون و لەھەر شوێنێک گومان لێکراو ھەبێت رەوانەی نەخۆشخانەکە دەکرێت ھەم بۆ پشت ڕاستکردنەوە و ھەمیش بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست".
بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی ھەولێر گوتیشی: "لە نەخۆشخانەکان گومانی تای خوێنەربوون لە کەسێک بکرێت رەوانەی فریاکەوتنی ناوەند دەکرێت و لەوێ پشکنینی بۆ دەکرێت لە تاقیگەی ناوەندی، بەڵام دوای دەرچوونی ئەنجامەکەی رەوانەی تاقیگەی بەغداش دەکرێت بۆ ئەوەی پشتڕاست ببێتەوە حالەتەکە تای خوێنبەربوونە یاخود ئەو نییە".
د. بێریڤان یاسین ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "وەزارەتی تەندروستی ھەموو ئامادەکارییەکی کردووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پەتای خوێنبەربوون، بەڵام پێویستە ھاووڵاتیان لەگەڵ پەیدابوونی نیشانەکانی پەلە بکەن و خۆیان بگەیەننە نەخۆشخانەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەر، چونکە ئەگەر زوو ھەڵگری پەتاکە بگاتە بەردەستی تیمەکانی ئێمە چارەسەری بۆ دەکرێت".
قائید میرۆ




