٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کاوە مەحموود بۆ KDP: ریفڕاندۆم دوای وێستگەی خەباتی گەلی کوردستان نییە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ شەش ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر بڕیاری ئەنجامدانی ریفڕاندۆمی سەربەخۆیی و سکرتێری حزبی شیوعی کوردستانیش پێی وایە، ریفڕاندۆم دوا وێستگەی خەباتی بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان نییە و دەڵێ، کاروانەکە بەردەوامە و بڕیارێک لە پێناو تێکوشان و ئازادی میللەت بدرێت بە بڕیارێکی دروستی دەزانین.

کاوە مەحموود، سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئێمە ریفڕاندۆم بە وێستگەیەکی تێکۆشان دەزانین ئەو وێستگەیەی تێکۆشان بەرھەمی سەت ساڵی رابردووی وێستگەکانی تێکۆشان و خەباتی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کوردستانە، ھەڵوێستمان لەچوارچێوەی ھەڵوێستی نیشتیمانیمانه‌ بۆ ئەوەی گەلێک دەوڵەتی سەربەخۆی نیشتیمانی خۆی ھەبێت، ئێمە ھەر تەنیا پشتگیری ئەو پرۆسەیە ناکەین بەڵکو خۆمان بەخاوەنی دەزانین، پێمان وایە ئەو ئەرکەی لەسەر ریفڕاندۆم ھەبوو جێبەجێکرا کە 92%ی خەڵکی کوردستان دەنگی بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا، ئەوەی دەمێنێتەوە جێبەجێکردنی ئەو ھەنگاوانەیە".

سکرتێری حزبی شیوعی دەشڵێت: "بابەتی بەرژەوەندی نیشتیمانی دانەبڕاوە لەبەرژەوەندی خەڵکەکە و دابینکردنی ژیانێکی خۆشگوزەران، لەبەر ئەوەش تێکۆشانی ئێمە ھاوتەریب لەگەڵ خەباتی نیشتیمانی ژیان و کەرامەتی میللەتەکەشمان بەرچاو دەگرین".

کاوە مەحموود ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "لە ھەموو ھەنگاوێک و ھەموو کاتێکدا ھەر بڕیارێک لەبارەی خەباتی میللەت بدرێت دەبێت میللەت و ئەو لایەنە سیاسیانە خۆیی بێت، ھەموو بڕیارێکی تێکۆشان لەپێناوی ئازادی و سەربەستی بە بڕیارێکی دروستی دەزانین، ریفڕاندۆم دوا وێستگەی کاروانی تێکۆشانی میللەتەکەمان نییە، کاروانەکە ھەر بەردەوام دەبێت کە ریفڕاندۆم قۆناغێکی دیکەی خەباتی گەلی کوردستان بووە".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار