" رێژەی ھەژاری لە ھەرێم و عێراق دیاری دەکرێت"
_(1)__2023_06_06_h16m56s8__ER.jpg)
بڕیارە سەرەتای مانگی داھاتوو ڕووپێوێیێک لەھەرێم و عێراق لەبارەی دیاری کردنی ھێڵی ھەژاری بەڕێوەبچێت، سەرۆکی دەستەی ئاماریش دەڵێ: لەدوای ساڵی 2018 وە ھیچ ڕووپێویێک بۆ دیاری کردنی ڕێژەی ھەژاری نەکراوە.
سیروان محەمەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند" ئەو داتایانەی لەبارەی ڕێژەی ھەژاری بڵاو دەکرێنەوە ھی پێنج ساڵ لەمەوبەرن و پێشتر بڵاومان کردوونەتەوە، لە ساڵی 2018 بەدواوە ھیچ ڕووپێویێک لەبارەی دیاری کردنی ڕێژەی ھەژاری لە ھەرێمی کوردستان و عێراق ئەنجام نەدراون، ئێمە پلانمان ھەیە بۆ ئەنجامدانی ڕووپێوی لەبارەی ڕێژەی ھەژاری و دیارکردنی ھێڵی ھەژاری لە ھەرێمی کوردستان و عێراق.
سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێم گوتیشی: پڕۆژەکە لە ماوەی ساڵێکدا بەڕێوەدەچێت و بڕیارە لە سەرەتای مانگی داھاتوو دەست بە ئەنجامدانی بکرێت، ساڵی داھاتوو لە مانگی حەوت کۆتایی بێت، ئەنجامی ڕووپێوییەکەش دوای کۆتایی هاتنی لە ساڵی داھاتوو رادەگەیەندرێت و ڕێژەی ھەژاری دیاری دەکرێت.
سیروان محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەکرد" ڕووپێوەییەکە لەلایەن دەستەی ئاماری ھەرێم و دەزگای ناوەندی ئاماری عێراق بە پالپشتی بانکی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت، بەراورد بە ساڵی 2018 گۆڕانکاری زۆر ڕوویداوە، بۆیە ئێستا خۆم ناتوانم پێشبینی ھیچ ژمارەیەک بۆ دیارکردنی ڕێژەی ھەژاری بکەم تا ئەوکاتەی ئەنجامی ڕووپێویەکەمان دەرنەچێت.
قائید میرۆ




