سەردانی شاندی هەرێم بۆ ئێران ئەنجامی زۆر باشی هەبوو
_(1)__2023_06_03_h16m2s12__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران گوتی، سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران ئەنجامی زۆر باشی هەبوو کە هەولێر ببێتە سەنتەرێکی بازرگانی بۆ ئێران بۆ بازرگانی لەگەڵ وڵاتان و بڕیارە تا دوو مانگی داهاتووش دوو مەرزی نوێ لە نێوان هەرێم و ئێران بکرێنەوە.
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، عەبدوڵا ئاکرەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران ئەنجامێکی زۆر باشی هەبوو و لە سەردانەکەدا پێشوازییەکی گەرم لەلایەن پارێزگاری ورمێ لە شاندەکە کرا و دواتر شاندێکی باڵای تاران هاتن بە سەرپەرشتیی وەزیری ناوخۆ و جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران و بەرپرسی ژووری عێراق و کوردستانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کۆبوونەوەیەکی هاوشێوەی کۆنفرانسێک ئەنجام درا، باس لەوە کرا کە دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لە بواری ئابووریدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان بگاتە ئاستێکی بەرز و چ پێویستە بکرێت بۆ ئەو مەبەستە و هەولێر ببێتە سەنتەرێکی بازرگانی بۆ ئێران بۆ ئەوەی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی عێراق و تورکیا و سووریا لەوێ بکات، بۆیە ئەوسەردانە زۆر گرنگ بوو.
عەبدوڵا ئاکرەیی گوتیشی: بڕیارە لە ماوەی ئەم دوو مانگەدا دوو مەرزی سیدەکان و کێلەشین بکرێتەوە و بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە.
شاندەکەی هەرێمی کوردستان پێک هاتبوو لە هەرچوار پارێزگاری پارێزگاکان و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان و سەرۆکی ژوورەکانی بازرگانیی هەرێم و بەرپرسی خاڵە سنوورییەکانی نێوان هەرێم و ئێران، کە سەردانەکە ماوەی سێ ڕۆژی خایاند.
بڵند ئیبراهیم




