پەرلەمانتارێکی پارتی: ڕێککەوتن لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی دەکرێت بۆ پەسەندکردنی بودجە
_(1)__2023_06_01_h18m52s39__ER.jpg)
بەغدا -KDP.info- پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، نزیکین لە ڕێککەوتن لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی، بۆ ئەوەی حەفتەی داھاتوو لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دەنگ بدرێت و دەشڵێت، ڕژدین لەسەر ھەڵوێستی خۆمان و نەهێشتنی گۆڕانکاری لە ماددەکانی تایبەت بە ھەرێمی کوردستان.
شیروان جەمال، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لێکنزیکبوونەوە ھەیە بۆ ئەوەی ڕێککەوتن لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی بکرێت تاکوو حەفتەی داھاتوو پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بخرێتە دەنگدانەوە، ڕێککەوتنەکەش لەسەر ھەردوو ماددەی 13 و 14ی ناو پڕۆژەکەیە و دەمانەوێت گۆڕانکاریی تێدا بکرێت، چونکە بابەتەکە پەیوەستە بە کیانی ھەرێمی کوردستان و باس لە پشکی ھەرێمی کوردستان ناکات.''
پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتی: ''ئێمە وەک پارتی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان قبووڵ ناکەین ڕاستەوخۆ پارێزگاکانی مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکەن و لە دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستان کەم بکرێتەوە، ئەوەی کراوە پێچەوانەی دەستوور و یاسایە، چونکە بەپێی ھەردوو بڕیاری ژمارە 17 و 35 ئەو گۆڕانکارییەی لە دەقێکی نێو پرۆژەیاسای بودجە دەکرێت، پێویستە لە ڕێگەی حکوومەتەوە بێت، واتە نابێت بەپێچەوانەی حکوومەت ھیچ ماددەیەکی پڕۆژەیاساکە گۆڕانکاریی تێدا بکرێت.''
شیروان جەمال ڕوونی کردەوە: ''پارتی پێداگرە لەسەر بەدەستھێنانی مافەکانی خەڵکی کوردستان و ھەندێک لایەن بە دژایەتیکردنی ھەرێمی کوردستان دەیانەوێت پارتی بشکێنن، بەڵام ئێمە لەسەر ھەڵوێستی خۆمان بەردەوامین و دژی کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی ھەرێمی کوردستانین، پارتی بە ئاشکرا دەڵێت: ''ئێمە قبووڵ ناکەین دوای ئەوەندە ساڵە خەبات و قوربانیدانی میللەتەکەمان بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکرێت، ئێمە لە چوارچێوەی دەستووردا کار دەکەین لە عێراق و ھەر شتێک بەپێچەوانەی دەستوور و یاسا بێت، ڕێگری لێ دەکەین.''
قائید میرۆ




