٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەتواندرێت بەرھەمی مریشک ھەناردەی دەرەوەش بکرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان لە ھەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەگەر کەرتی بەرھەمھێنانی مریشک لە ھەرێمی کوردستان رێکبخرێتەوە و تێچووی بەرھەمھێنان کەمبکرێتەوە، نەک پێداویستی ناوخۆ و ھەناردەکردنی بۆ عێراق بەڵکو دەتوانین بۆ دەرەوەش ھەناردەی بکەین، چونکە ساڵانە بەرھەمی مریشک لە ھەرێمی کوردستان دەگاتە 400 ھەزار تەن.

نازم جاف، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان لە ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "گرنگیدانی حکوومەت بە کەرتی بەرھەمھێنانی مریشک لە ھەرێمی کوردستان و دانانی باج لەسەر مریشکی ھاوردە و بەستوو وادەکات بەرھەمی خۆمان زیاتر ساخبێتەوە و لەسەر ئەو پرسە خۆم لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران دانیشتنمان ئەنجامداوە و باسی کۆمەڵێک پرسمان کردووە، ھاوکات کێشەی سەرەکی تێچووی مریشک لە ھەرێمی کوردستان زۆرە و ئەگەر تێچووی کەمبکرێتەوە دەتواندرێت مریشک پێداویستی ناوخۆ پڕبکاتەوە بۆ عێراق و دەرەوەش ھەناردە بکرێت، ھەروەھا دەتواندرێت حکوومەتیش قازانج بکات".

نازم جاف وتیشی: "کێشەکە ئەوەیە لە ھەرێمی کوردستان تێچووی مریشک زۆرە کە سەدا 70ی تێچووەکەش ئالیکە، چونکە لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە 40 کارگەی ئالیک ھەیە و ھەر یەکێک بەجۆرێک دەیفرۆشێت، بۆیە پێویستە حکوومەت ھاوکار بێت و تێچووی مریشک کەمبێتەوە، چونکە بەرھەممان زۆرە کە خۆی لە 400 ھەزار تەن دەبینێتەوە و ئێمەش بۆ پێداویستی ناوخۆ پێویستیمان بە 145 ھەزار تەن ھەیە ساڵانە، بۆیە دەکرێت ھەناردەی دەرەوەش بکەین".

ناوبراو باسی لەوەشکرد: "لە ھەرێمی کوردستان ھەزار و 900 پڕۆژەی پەلەوەر ھەیە کە خۆی لە سێ ھەزار ھۆل دەبینێتەوە و نزیکەی 700 پڕۆژەی نایاساییشمان ھەیە، بۆیە پڕۆژەمان زۆرە و بەرھەمیش زۆرە کە دەتواندرێت سوودێکی باشی لێ وەرگرین".

حکومەتی ھەرێمی کوردستان یەکێک لە پلانەکانی ئەوەیە کە بەرھەمی ناوخۆ زیاد بکات و بتوانێت لەو رێگەیەوە پێداویستی ناوخۆ پڕبکاتەوە و ھەناردەی دەرەوەشی بکات، بۆ ئەو مەبەستەش حکوومەت بەردەوام کاری لەسەر دەکات.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار