٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. وەعدی مزووری: بەپێی یاسا لە کاتی پێویست سەرۆکی ھەرێم دەسەڵاتی ھەیە لەبری پەرلەمان بڕیار دەر بکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- ڕاوێژکاری یاساییی پەرلەمانی کوردستان پێی وایە، لە کاتی پێویستدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەپێی یاسا دەسەڵاتی دەرکردنی ھەندێک بڕیاری ھەیە و دەشڵێت: ''ئەگەر کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق توانای بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستانی نەبێت، ئەوە سەرۆکی ھەرێم دەسەڵاتی ھەیە کۆمسیۆنی ھەرێم کارا بکاتەوە.''

د. وەعدی مزووری، ڕاوێژکاری یاساییی پەرلەمانی کورستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بەپێی یاسای ژمارە یەکی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان کە لە ساڵی 2005 دەرچووە، دەڵێت: ''ھەر کاتێک دەزگاکانی ھەرێمی کوردستان تووشی حاڵەتێکی مەترسیدار بوون، ئەوکات سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان دەتوانێت بڕیاری تەشریعی دەر بکات بەپێی ئەو ھێزی یاسایییەی هەیەتی، بەڵام تێیدا ھاتووە دەرکردنی ئەو بڕیارانە بە ھەماھەنگی لە نێوان سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەبێت، ئێستا سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش لەکار کەوتووە و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەتوانێت بڕیاری پێویست دەر بکات.''

ڕاوێژکاری یاساییی پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت: ''ئێستا بۆشاییی دەستووری پەیدا بووە و نابێت ھەرێمی کوردستان بۆ ماوەیەکی زۆر لە بۆشاییی دەستووریدا بێت، بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستانیش لە ماوەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەماندا بووە و کاری پێ ناکرێت.''

د. وەعدی مزووری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''ئەگەر بێت و کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق توانای بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستانی نەبێت، ئەوە سەرۆکایەتیی ھەرێم بەپێی بڕگەی پێنجی ماددەی 10ی یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، دەتوانێت بە بڕیارێک کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان کارا بکاتەوە و دەستبەکار ببێت و پرۆسەی ھەڵبژاردن بەپێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی 1992 بەڕێوە ببات.''

 

قائید میرۆ

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار