وەزارەتی پەروەردە پرۆژەی هەیە بۆ ئەو قوتابیانەی لە خوێندن دابڕاون تاکوو بگەڕێنەوە بۆ خوێندن

هەولێر -KDP.info- بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، وەزارەتی پەروەردە پرۆژەی هەیە بۆ ئەو قوتابیانەی لە خوێندن دابڕاون تاکوو بگەڕێنەوە بۆ خوێندن، بۆ ئەو مەبەستەش کارمان لەسەر کردووە و بەپێی یاساش هەلی خوێندن بە یەکسانی بۆ هەمووان ڕەخساوە.
بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دکتۆر سەیوان فەرەج، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەو منداڵانەی بە هەر هۆکارێک وازیان لە خوێندن هێناوە ئێمە پلان و پرۆژەمان هەیە بۆ ئەوەی بگەڕێندرێنەوە بۆ خوێندن کە پرۆژەی ئامادەکراو هەیە چۆن بکرێ ئەو منداڵانە بگەڕێندرێنەوە بۆ خوێندن، هۆکارەکانیشمان دیاری کردووە، لەوانە هەژاری و دۆخی جوگرافی و هەیە ڕەوەندن و هاتوچۆ لە ناوچەکان دەکەن، بۆیە پلانمان هەیە بۆ ئەوەی چۆن بیانگەڕێنینەوە، نموونەش پار منداڵێک وازی هێنابوو وەزیری پەروەردە خۆی سەردانی ماڵەکەی کرد بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە، بۆیە یاسا دەرچووە بۆ ئەوەی هەلی یەکسان بۆ هەموو منداڵێک بڕەخسێت بێ جیاوازی، بۆیە لە یاسای پەروەردە بەوردی باسی ئەو پرسەی کردووە.''
بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: ''هەلی خوێندن بۆ هەموو قوتابیان بێ جیاوازیی نەتەوە و مەزهەب و هەژار و دەوڵەمەند ڕەخساندووە و سوودمەند دەبن لە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەت و وەزارەت پێشکەشی دەکەن، بۆیە ئەمە بە یاسا ڕێک خراوە کە پێشتر یاسا نەبوو ئێستا یاسا هەیە، بۆیە لەژێر ڕۆشناییی ئەو یاسایەدا ڕێنوێنی دەر دەکەین کە یاساکە بواری بۆ هەموو قوتابییەک ڕەخساندووە و ئێستا کاری لەسەر دەکەین، بەڵام ڕێگری هەیە لە هەندێک شوێن لەبەر ئەوەی لە کۆمەڵگایەکداین کە هەندێک عادەت و تەقالیدی تایبەت بەخۆی هەیە، ئەوەی لای ئێمەش گرنگە هەلی خوێندن بە یەکسانی بۆ هەمووان بڕەخسێنین بێ جیاوازی.
گوتیشی: ژمارەی ئەوانەی وازیان هێناوە و ئەوانەی دەخوێنن و ئەوانەی گەڕاونەتەوە و ئەوانەی نەگەڕاونەتەوە، هەموویان دیاری کراون، هەیە تەمەنی گەیشتووەتە 18 ساڵ، ئەوکات گەڕاوەتەوە خوێندن، بۆیە کاری لەسەر دەکەین و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ خوێندن و هەموو هاوکارییەکیان دەکەین و پاڵپشت دەبین .
بڵند ئیبراهیم




