٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

رێژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان زیادکرا

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتووکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، بەھۆی ئەوەی رێژەیەکی کەمی گەنمی جووتیاران بڕیاری لێدرابوو لەلایەن بەغدا لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەربگیرێت، بۆیە لەگەڵ بەغدا رێککەوتووین کە رێژەکە لە 375 ھەزار بۆ 500 ھەزار تەن زیاد بکرێت.

دکتۆر زێدا محەمەد، بەڕێوەبەری پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتووکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پێشتر حکوومەتی عێراق بڕیاری دابوو کە 375 ھەزار تەن گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەربگرن، بەڵام دوای ھەوڵێکی زۆر و کۆبوونەوە توانرا ئەو رێژەیە زیاد بکرێت و 500 ھەزار تەن گەنمی ھەرێمی کوردستان وەربگرن".

ناوبراو ئاماژە بەوەش دەکات: "ھەفتەی رابردوو بڕیاری وەرگرتنی 375 تەن گەنمی جووتیاران درابوو، بەڵام لەو کۆنووسەی ئامادەکرابوو لەنێوان ئێمە و بەغدا بڕگەیەک مابوو ھێشتا گفتووگۆی تێدا بکرێت و گلەیەکمان نووسی و ھێنامانە ئەنجوومەنی ئابووری کە دکتۆر فوئاد حوسێن سەرۆکی لیژنەکەیە دەرفەتێکی باشیان پێداین و دوای کۆبوونەوە و گفتووگۆ ئەو رێژەیە زیادکرا بۆ 500 ھەزار تەن گەنم لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەربگیرێت".

ئەمساڵ بەرھەمی گەنم لە ھەرێمی کوردستان باش بوو، ھەروەھا ھەموو گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەرنەگیراوە و بڕیارە 500 ھەزار تەن وەربگیرێت، کە بۆ ھەر تەنێک 850 ھەزار دینار دانراوە و بڕیارە دوای دوو ھەفتەش لە ڕادەستکردن پارەی گەنمی جووتیاران دابەش بکرێت.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار