لەسەر بودجەی بانکی نێودەوڵەتی ئۆڤەرپاسی شێخان دروست دەکرێت

دهۆک -KDP.info- بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی دهۆک گوتی، بڕیارە لەسەر بودجەی بانکی نێودەوڵەتی، ئۆڤەرپاسی شێخان لەسەر ڕێگای سەرەکیی هەولێر بۆ دهۆک دروست بکرێت، بەمەش هیچ وەستانێک نامێنێت لە هەولێر تا زاخۆ و سوودێکی زۆری بۆ هاتوچۆی شوفێران دەبێت.
خەدیجە محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بڕیارە ئۆڤەرپاسی شێخان دروست بکرێت لەسەر بودجەی بانکی نێودەوڵەتی کە قەرزێک بە عێراق دەدرێت و بەشێکیشی دەدرێتە هەرێمی کوردستان و ئێمەش لەو پلانە دامانناوە بودجەی بۆ دابین بکەین و ئۆڤەرپاسەکە دروست بکرێت کە پێویستی بە گوژمەی 18 ملیار دینارە."
بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی دهۆک گوتیشی: "دیزاینی ئۆڤەرپاسەکە ئامادەیە و تەنها ماوە پارەی بۆ دابین بکرێت و دەست بە دروستکردنی دەکرێت، چونکە تاکە شوێنە ترافیکلایتی هەیە لەسەر ڕێگای هەولێر بۆ دهۆک و بە دروستبوونی ئۆڤەرپاسەکە ئەوەش نامێنێت و شوفێر دەتوانێ لە هەولێر تا زاخۆ بێ ئەوەی وەستان هەبێت هاتوچۆ بکات، بۆیە سوودێکی زۆری بۆ دەڤەرەکە و بۆ ئەو خەڵکەش دەبێت کە لەو ڕێگەیەوە هاتوچۆ دەکەن."
بڵندئیبراهیم




