د. نەوزاد عەزیز: بە پیشەسازیکردنی کەرتی ئاژەڵداری کاریگەریی لەسەر ئاسایشی خۆراک دەبێت

هەولێر -KDP.info- دوێنێ بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کارگەی زۆم بۆ بەرھەمە شیرەمەنییەکان لە قەزای مێرگەسۆر کرایەوە و پسپۆڕێکیش دەڵێ، حەوت پرۆژەی ستراتیژی ھاوشێوەی پرۆژەکەی مێرگەسۆر ھەن و بەپیشەسازیکردنی کەرتی ئاژەڵداری کاریگەریی لەسەر ئاسایشی خۆراک دەبێت.
د. نەوزاد عەزیز، سەرۆکی ڕێکخراوی دووربین بۆ پرسە سیاسی و ئابوورییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''کردنەوەی کارگەی زۆم بۆ شیرەمەنی لە قەزای مێرگەسۆر سەرەتایەکی گرینگە بۆ بەپیشەسازیکردنی بەرھەمی ناوخۆ، چونکە کردنەوەی پرۆژەی وەھا کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر ئابووریی کوردستان، یەکێک لەو کاریگەرییانە ڕەخساندنی ھەلی کارە بۆ خەڵکی ناوچەکە، خاڵی دووەم ھاندانی ھاووڵاتییانە بۆ ئەوەی دووبارە بگەڕێنەوە بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ و سامانی ئاژەڵ یەکێکە لە سامانە گرینگەکانی ھەر وڵاتێک، ئەگەر ھاووڵاتی دڵنیا بێت بەرھەمەکەی ساغ دەکرێتەوە، ئەوە ترسی لە بەخێوکردنی ئاژەڵ نابێت.''
د. نەوزاد عەزیز گوتیشی: "سوودێکی دیکەی کردنەوەی ئەو کارگانە ڕزگاربوونی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستانە لە بەرھەمی بیانی، لەبەر ئەوەی بەرھەمی بیانی چەندین ماددەی تێکەڵ دەکرێت و لە ڕووی تەندروستییەوە بەرھەمی ناوخۆ بەراورد ناکرێت لەگەڵ بەرھەمی دەرەوە، پێویستە ھاووڵاتیان بۆ تەندروستیی خۆیان ڕوو لە بەرھەمی ناوخۆ بکەن، ھەتا بۆ داھاتوو کردنەوەی ئەو پڕۆژانەی وەک زۆم پاڵنەرێک دەبن بۆ ئاوەدانکردنەوەی گوندەکانی کوردستان.''
د. نەوزاد عەزیز ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەیەوێ گرینگییەکی زۆر بە ئاسایشی خۆراک بدات، چونکە ئاسایشی خۆراک پەیوەستە بە ئاسایشی نەتەوەیی و ئاسایشی تاک. مەسرور بارزانی زۆر جەخت لەسەر پاڵپشتیی سامانی ئاژەڵ دەکاتەوە بۆ بەپیشەسازیکردنی بەرھەمی ناوخۆ، چونکە ئێمە زۆر کێشەی بەرھەمھێنانمان نییە لە ھەرێمی کوردستان، بەپێچەوانەوە کێشەی سەرەکیی بەردەم کەرتی ئاژەڵداری و کشتوکاڵییش ساغکردنەوەی بەرھەمی ناوخۆیە، ئێستا حەوت پرۆژەی ھاوشێوەی زۆم ھەن لە ھەرێمی کوردستان کە پرۆژەی ستراتیژین، پێویستە زیاتر ھەوڵ بدرێت پرۆژەی ھاوشێوە لە ھەموو ناوچەکان بکرێنەوە بۆ گەشەپێدانی پیشەسازیی خۆراک.''
قائید میرۆ




