حکوومەت بوودجەیەکی بۆ دروستکردنی قوتابخانە تەرخانکردووە

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێم بەردەوامە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمی بینای قوتابخانە و لەسەر بوودجەی حکوومەتی ھەرێم 20 قوتابخانە دروست دەکرێن و داوامانکردووە لەسەر ئەو رێککەوتنەی حکوومەتی عێراق و وڵاتی چین کراوە بۆ دروستکردنی قوتابخانە، 250 قوتابخانەش بۆ ھەرێمی کوردستان دروست.
بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دکتۆر سەیوان فەرەج، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە ھەرێمی کوردستان لە قوتابخانەکان دوو دەوامی و سێ دەوامی ھەیە و ئێستا کار دەکەین بۆ ئەوەی سێ دەوامی نەمێنێت، بەڵام جارێ دوو دەوامی ھەیە، بۆیە ئێستا سێ دەوامی کەمبووە".
دکتۆر سەیوان فەرەج گوتیشی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بوودجەیەکی بۆمان تەرخانکردووە بۆ دروستکردنی قوتابخانە بەپێی پێویستی پارێزگاکان دابەشکراوە، کە ژمارەیان 20 قوتابخانە دەبێت و چاوەرێ دەکەین بوودجەی دیکەشمان بۆ دابین بکرێت بۆ ئەوەی بتوانین قوتابخانەی دیکەش دروست بکرێت".
فەرەج باسی لەوەشکرد: "بەپێی رێککەوتنێکی حکوومەتی عێراق لەگەڵ وڵاتی سین کە ژمارەیەکی زۆری قوتابخانە بۆ عێراق دروست دەکرێت و وەزیری پەروەردەش لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق دانیشتنی کردووە کە پشکی ھەرێمی کوردستانیش بدرێت و داوامان کردووە 250 قوتابخانە بۆ ھەرێمی کوردستان دروست بکرێت و چاوەرێ دەکەین رەزامەندی بدرێت بۆ ئەوەی ئەو قوتابخانانە لە ھەرێمی کوردستان دروست بکرێت".
بڵند ئیبراھیم




