دانوستان لەسەر پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجە بەردەوامە

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دانوستاندن لەسەر پشکی ھەرێمی کوردستان لەپڕۆژە یاسایی بوودجەی گشتی عێراق بەردەوامە و بەھیچ شێوەیەک دەستبەرداری ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان نابین.
دکتۆرە ڤیان سەبری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دانوستان لەبارەی پشکی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژە یاسایی بوودجەی گشتی عێراق بەردەوامە لەگەڵ ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، بۆ ئەوەی بگەینە چارەسەریەک لەسەر ئەو گۆڕانکاریانەی لە ماددەکانی پەیوەست بە ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژە یاسایی بوودجە کراوە".
دکتۆرە ڤیان سەبری گوتیشی: "ئێمە بەھیچ شێوەیەک دەستبەرداری ماف و شایستە داراییەکانی خەڵک و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نابین، کە لەپڕۆژە یاسایی بوودجەی گشتی عێراق ھاتووە بەپێی ئەو رێککەوتنەی لە نێوان حکوومەتی ھەرێم و بەغدا ئەنجامدراوە".
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە لیژنەی دارایی گۆرانکاری لە دوو ماددەی 13 و 14ی تایبەت بە بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستان کراوە، بەڵام کورد بەھیچ شێوەیەک بەو گۆڕانکاریە ڕازی نییە و دەیەوێت ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ حکوومەت کراوە بەو شێوەیە بێت بێ ئەوەی ھیچ گۆڕانکاری تێدا بکرێت.
بڵند ئیبراھیم




