د.نەھلە ئەفەندی: گەڕانەوەی پاشەکەوت ئەرکی حکوومەتی فیدراڵە

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی پێی وایە، گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە ئەرکی حکوومەتی فیدراڵە و دەڵێ، پارتی لەگەڵ گەڕانەوەی پاشەکەوتە و کاریشی بۆ دەکات ئەو مافەی فەرمانبەران بدرێتەوە.
د. نەھلە ئەفەندی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "پارتی دژی گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران نییە و ھەمیشە حکوومەتی ھەرێم جەختی لەسەر ئەوە کردووتەوە لە کاتی باشبوونی رەوشی دارایی گەڕانەوەی مووچە پاشەکەوتکراوەکان ئەرکی حکوومەتە، ئێمەیش وەک پارتی ھەموو ھەوڵێک دەدەین پاشەکەوتی مووچە بگەڕێتەوە بۆ فەرمانبەران و ئەوەیشی کە بڵاو دەکرێتەوە گوایە پارتی دژی گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەیە، ڕاست نییە."
پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت: "ئەو مووچانەی پاشەکەوت کراون، یان لێی بڕدراوە ئەرکی حکوومەتی فیدراڵە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بگەڕێنێتەوە، چونکە حکوومەتی فیدراڵ بودجە و مووچەی خەڵکی کوردستانی بڕی و حکوومەتی ھەرێم ناچار کرا بە پاشەکەوتی مووچە و لێبڕین."
د. نەھلە ئەفەندی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پارتی پێش ھەموو لایەنەکان کار بۆ گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە دەکات و پێویستە حکوومەتی فیدراڵ پارە بۆ گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە دابین بکات، چونکە ئەگەر بەو شێوەیەی ئێستا بێت کە باس دەکرێت ھەر پارەی خەڵکی ھەرێمی کوردستانە دەیکەنەوە بە دەستکەوت، دەبێت حکوومەتی بەغدا چۆن بودجەی بڕیوە لە فەرمانبەرانی ھەرێم، بەو شێوەیەش پارە دابین بکات بۆ گەڕانەوەی."
قائید میرۆ




