"ھاتنی گەشتیاری بیانی بۆ ھەرێم، زیادی کردووە"

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار ئاشکرای کرد، ئەمساڵ ژمارەی گەشتیارانی بیانی بۆ ھەرێمی کوردستان زۆر زیادی کردووە و تەنیا لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە دوو ملیۆن گەشتیاری باشوور و ناوەڕاستی عێراق ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان.
ئیبراھیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھاتنی گەشتیاری بیانی ھەرێمی کوردستان لەمساڵدا بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و تەنیا لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە دوو ملیۆن گەشتیاری ناوەڕاست و باشووری عێراق سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە و ساڵانەش گەشتیاری ئەو ناوچانە دێنە کوردستان بە بەردەوامی.''
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێم دەشڵێت: ''ڕێژەی ھاتنی گەشتیاری بیانی بۆ ھەرێمی کوردستان لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ 10% زیادی کردووە و ھەڵکشانی ژمارەی گەشتیار کاریگەریی لەسەر بووژانەوەی کەرتی گەشتوگوزار ھەیە، بەتایبەتی لە پلانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندایە ڕێژەی ھاتنی گەشتیاران ساڵ بە ساڵ زیاد بکات.''
قائید میرۆ




