٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسی لقی پارتی لە بەغدا: کار بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی کۆنگرەی 14ی پارتی دەکەین

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا -KDP.info- بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا گوتی، تاوەکوو ئێستا ئێمە لە لقی پێنج گۆڕانکاریمان لە پۆستەکان نەکردووە و خەریکی کارکردنین لە کاری ڕێکخراوەیی و ڕێکخستنەکان بۆ ئەوەی زیاتر ڕێک بخرێتەوە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی کۆنگرەی 14ی پارتی وکار دەکەین ئەو ڕێنوێنییانەی هەن لەسەر ئەرزی واقع جێبەجێ بکەین.

دکتۆرە ئەشواق جاف، بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''تاوەکوو ئێستا ئێمە گۆڕانکاریمان لە پۆستەکان نەکردووە، بەڵام لە کاری ڕێکخراوەیی و ڕێکخستنەکان کارمان کردووە بۆ ئەوەی زیاتر ڕێک بخرێتەوە و پلانی کارکردن بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی کۆنگرەی 14ی پارتی لەم ماوەیە سەرقاڵی ئەوەین کۆبوونەوە لەگەڵ ناوچەکان و ڕێکخستنەکانی خۆمان دەکەین و ئەو ڕێنماییانەی لە کۆنگرە هاتووە لەسەر ئەرزی واقع جێبەجێ بکەین و هەندێک گرفت هەبوو چارەسەریان بکەین، ئەوەشمان دەست پێ کردووە و تا ئێستا ئەنجامێکی سەرەتاییی پۆزەتیڤمان دەست کەوتووە، بۆیە جارێ گۆڕانکاری لە بەرپرسی ناوچە و بەشەکانمان نەکردووە و جارێ کاری ڕێکخراوەی و ڕێکخستنەکان ڕێک دەخرێنەوە و دواتریش بەپێی هەڵسەنگاندن هەرچی پێویستە گۆڕانکاری گەر هەبوو، دەیکەین، چونکە شەش ناوچەمان هەیە و یەکێک کەم کراوەتەوە.''

دکتۆرە ئەشواق جاف گوتیشی: ئێستا کار لەسەر بەهێزکردنی ڕێکخستنەکان و جۆری کارکردنی ناوچەکان دەکەین و دوای ماوەیەک هەڵسەنگاندن دەکەین، ئەوکات بڕیاری گۆڕانکاری دەدەین کە پێویستە، یاخود نا، چونکە ئەوکات بەرچاوڕوونیی باشمان دەبێت.

جاف باسی لەوەش کرد: ئێمە بارەگامان هەیە وەکوو لق ئەگەر بچووکیش بێت، بەڵام گرنگ قەبارەی کارکردنە لەسەر ڕێبازی پیرۆزی بارزانی، کە ڕاستە ئێمە بارەگایەکی بچووکمان هەیە، بەڵام بۆ هەستی نەتەوایەتی و پارتایەتی و دڵسۆزی بۆ ڕێبازی بارزانی کار دەکەین زیاتر لەوەی پێشتر بارەگای گەورەترمان هەبوو.

گوتیشی: ڕووخاندنی بارەگای پارتی لە بەغدا پەیامێکی گەورە بوو بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و شەقامی سیاسیی عێراقی، چونکە هێرشکردنی بەردەوام بۆ سەر بارەگاکانی پارتی مانای ئەوەیە ئەو لایەنانە کە هێرش دەکەن مەبدەئی هێز زاڵە لەسەریان لەجیاتی مەبدەئی مەنتق، چونکە پێویستە مەبدەئی مەنتق زاڵ بیت، نەک هێز، چونکە ئێمە خاوەن مافین بەپێی دەستور و ئەگەر ناکۆکییش هەبێت، ناکرێت هێرشی سەر بارەگاکان بکرێت.

لەبارەی کردنەوەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، جاف کە خۆی یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتییە لە بەغدا گوتی: جارێ کاری لەسەر دەکرێت و لە ماوەیەکی نزیکدا تەواو دەبێت و دەکرێتەوە.

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار