٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سیروان محەمەد: سەرژمێریی گشتیی عێراق دوا خرا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، پرۆسەی سەرژمێریی گشتی دوا خرا بۆ ساڵی ئایندە و سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستانیش دەڵێ، ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری دوو تا سێ ساڵی پێویستە و ھەرێمی کوردستانیش لەگەڵ ئەنجامدانی سەرژمێرییە.

سیروان محەمەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕاستە پرۆسەی سەرژمێری لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە دوا خرا بۆ ساڵی ئایندە (2024) لەلایەن بریکاری وەزارەتی پلاندانان دواخستنەکە پشتڕاست کراوەتەوە، بەڵام پێم وایە ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێریی گشتی لە عێراق ئامادەکاریی زۆری دەوێت و دوو تا سێ ساڵ پێویستە ئامادەکارییەکان بکرێن بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەڕێوە بچێت.''

سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان گوتیشی: "ھۆکار زۆرن بۆ دواخستنی پرۆسەی سەرژمێری تەنیا کێشە نەبوونی بودجە نییە، ھێشتا خاڵی دیکە ھەن، ئەوان باسی ناکەن، لەوانەش چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی سەرژمێری لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تا ئێستا یەکلا نەکراوەتەوە.''

سیروان محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەرێمی کوردستان داواکاریی ھەیە، شێوازی سەرژمێری لە ناوچەکانی سنووری ماددەی 140 ڕێک بخرێت بۆ ئەوەی لە ئایندەدا ئەنجامەکان بەکار نەیەن، لەبەر ئەوەی ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان زۆری ماوە و ڕەوشەکە نائاساییە و ڕێککەوتنی لەسەر نەکراوە، ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێریی گشتییە لەعێراق.''

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار