لە ھەولێر باڵاخانەیەکی سەردەمیانە بۆ بەساڵاچووان دروست دەکرێت

هەولێر -KDP.info- لە شاری ھەولێر باڵاخانەیەکی سەردەمیانە بۆ بەساڵاچووان لە قۆناغی کۆتاییدایە و بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی ھەولێریش دەڵێ، باڵاخانەکە بە شێوەیەک دروست کراوە لە وڵاتانی پێشکەوتووش زەحمەتە باڵاخانەی ھاوشێوەی ھەبێت.
زەیتۆ تۆفیق، بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە ناوشاری ھەولێر و لەسەر ڕووبەری حەوت ھەزار و 500 مەتر زەوی، باڵاخانەیەکی سەردەمیانە بۆ بەساڵاچووان دروست دەکرێت، پڕۆژەکە لە قۆناغی کۆتاییدایە و پێشبینی دەکەین مانگێکی دیکە کۆتایی بێت و بکەوێتە کار بۆ خزمەتی بەساڵاچووان، زەویی پڕۆژەکە بەشێکی ھی وەزارەتی کارە و بەشێکی دیکەی موڵکی وەزارەتی شارەوانی بووە.''
بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی ھەولێر دەشڵێت: "باڵاخانەی نوێی بەساڵاچووانی ھەولێر لەلایەن کەسایەتیی شاری ھەولێر دروست دەکرێت، لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە کەموێنەیە، چونکە باوەڕ ناکەین لە وڵاتانی پێشکەوتووش باڵاخانەی ھاوشێوەی ھەبێت.''
زەیتۆ تۆفیق ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "لە خانەی بەساڵاچووانی ھەولێر ئێستا 70 بەساڵاچوو ھەن و لەگەڵ تەواوبوونی باڵاخانەی نوێ ئەو بەساڵاچووانەی توانایەکیان ھەیە تێیدا نیشتەجێ دەکرێن، بەڵام ئەو بەساڵاچووانەی ناتوانن خزمەتی خۆیان بکەن و پەکەوتەن لە باڵاخانەی پێشتر دەمێننەوە، بە دروستکردنی باڵاخانەی نوێ دەتوانن ژمارەیەکی زیاتری بەساڵاچوو لەخۆ بگرین.''
قائید میرۆ




