٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جووتیار عادل: حکوومەتی هەرێم پابەندە بەو رێککەوتنەی کردوویەتی

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- جووتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە کۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەر و کونسوڵی وڵاتان، رایگەیاند: "ئێمە بەردەوام لەو چوارچێوەیەداین کە پەیامی حکوومەت وەک خۆی بگەنینە نوێنەرانی وڵاتانی دراوسێ و بیانی و رای گشتی".

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران پوختەیەکی لەسەر گەڕی دانووستان و ئاڵانگارییەکانی سەبارەت بەو پێشهاتە سیاسییانەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی هەرێم و بەغدا لە ئارادان، خستەڕوو.

جووتیار عادل راشیگەیاند، جەختیان کردەوە لەوەی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بەو رێککەوتنە سیاسییەی لەگەڵ حکوومەتی عێراق کردوویەتی، هەروەها بەردەوامیشە لە گفتوگۆ و دانووستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق.

گوتەبێژی حکوومەی هەرێمی کوردستان لە کۆنفراسەکەدا باسی لەوەکرد، ئەوان لەو بڕوایەدان، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق سوورن لەسەر ئەوەی رێککەوتنی نێوانیان جێبەجێ بکرێت".

گوتیشی: دۆستەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام لەگەڵ ئەوەدان دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، هەروەها لەگەڵ ئەوەدان ئەو رێککەوتنەی لەنێوان هەرێم و بەغدا کراوە، وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێم پێی وایە، بەهێزبوونی هەر یەکێک لە حکوومەتی عێراق و هەرێم بەهێزبوونی حکوومەتەکەی دیکەیە.

ئەمڕۆ لە شاری هەولێر هەر یەک لە سەفین دزەیی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و جووتیار عادل گوتەبێژی حکوومەت لەگەڵ کونسوڵ و نووسینگە و نوێنەرایەتی وڵاتان کۆبوونەوە

تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەش گفتوگۆکردن بوو لەبارەی ماددەکانی 13 و 14ی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق و هەروەها گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا لەبارەی شایستە داراییەکان.

هەواڵی پەیوەندیدار