مانگی ١٠ پردی دەربەندی ڕانیە بەڕووی ھاتووچۆدا دەکرێتەوە

ڕانیە-KDP.info- ساڵی ٢٠٢٠ مەسروور بارزانی سەردانی ئیدارەی ڕاپەڕینی کردوو چەندین پڕۆژەی گرنگی بۆ سنوورەکە خستە بواری جێبەجێکردنەوە، لە نێویاندا پڕۆژەی پردی دەربەندی ڕانیە بوو کە ساڵانێکی زۆربوو ھاووڵاتیانی ئەو سنوورە داوایان دەکرد بۆ کارئاسانی ھاتووچۆ پردی دەربەندی ڕانیە دروست بکرێت و لە مانگی ١٠ی ئەمساڵ کۆتایی بەکارکردن دێت.
بەختیار ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی ئیدارەی ڕاپەڕین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "پردی دەربەندی ڕانیە پێکھاتووە لە درێژی ٤٠٨ مەتر و پانی ١٥ مەتر، لە مانگی ١١ی ساڵی ٢٠٢٠ کارکردن تێدا دەستی پێکردووە، لە ئێستادا ٧٠% کارەکانی تەواو بووە، ئێستاش لە قۆناخی بەستنی سەقفی پردەکەین، بەپێی ئەو بەرنامەی دامان ناوە بۆ مانگی ١٠ی ئەمساڵ تەواوی کارەکانی تەواو دەبێت و بەڕووی ھاتووچۆی ھاووڵاتیاندا دەکرێتەوە".
بەختیار ئەحمەد گوتی: "گرنگی پڕۆژەکە لەوەدایە بەتەواوبوونی ئەو پردە ئیدارەی ڕاپەڕین بە پارێزگای سلێمانی دەبەستێتەوە، ھەروەھا مەرزی کێلێش بە پارێزگای سلێمانییەوە دەبەستێتەوە، لە ڕووی گەشتیارییەوە دیمەنێکی جوان بە ناوچەکە دەدات، بۆ ھاتووچۆی گەشتیاریش گرنگی خۆی ھەیە".
بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی ئیدارەی ڕاپەڕین گوتیشی: "لەلایەن سەرۆکوەزیرانی کوردستان پارەی تەواو بۆ کارکردنی بەردەوام لە پڕۆژەکە تەرخانکراوە و لە ئێستادا ھیچ کێشەیەکی بوودجەی نییە، ھاوکات بوودجەی کۆی پڕۆژەکەش ١٢ ملیار و ٤١٦ ملیۆن دینار بووە".
عەزیز ڕەسووڵ




